سەردێڕ:

حکومەتى عێراق بڕیاریدا بەڕێوەبردنى فڕۆکەخانەکان ببەستێتەوە بە وەزارەتى گواستنەوە

PM:10:32:29/01/2025

1904 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتى عێراق بە بڕیارێک فڕۆکەخانەکانى عێراقى بەستەوە بە وەزارەتى گواستنەوەوە و ئەوەش وادەخوێندرێنەوە حکومەتەکەى سودانى دەیەوێت فڕۆکەخانەکان لە دەستى ئەنجومەنى هەندێک لە پارێزگاکان و حزبەکان دەربهێنێت و ئیدارەکەى ببەستێتەوە بە بەغداوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، لە چوارەمین دانیشتنى ئەنجومەنى وەزیراندا لە ساڵى ٢٠٢٥، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا تەواوى بەڕێوەبردنى فڕۆکەخانەکان لە پاسپۆرت، گومرگ، تەندروستى ، ئاسایش، دەگەڕێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتى وەزارەتى دارایی عێراق، بڕیارەکەش وەک لێدانە لە دەسەڵاتى چەند پارێزگارێکى عێراق کە ئیدارەى فڕۆکەخانەکانیان بەستووەتەوە بە پارێزگار و ئاسایشى پارێزگاکەوە و جۆرێک لە سەربەخۆیان لە هاتووچۆدا دروستکردووە.

ئاماژە بەوەشکرا، حکومەتى عێراق دەسەڵاتى ئەوەشیداوە بە وەزارەتى گواستنەوە لە واژۆکردنى گرێبەست بۆ گەشەپێدان و فراوانکردنى فڕۆکەخانەکان و پێشخستنى لەگەڵ پێشکەوتنەکانى بوارى فڕۆکەوانیدا.

هاوکات تازەترین زانیارییەکان دەڵێن، فڕۆکەخانەکانى عێراق لەجیاتى ئەوەى ببنە سەرچاوەى پەیداکردنى داهات، بەشێک لە داهاتى وڵاتیان تێدا خەرج دەکرێت و ئەوەش پەیوەندى بە کۆنترۆڵکردنى فڕۆکەخانەکانەوە هەیە لەلایەن کۆمپانیاکان و دەسەڵاتە لۆکاڵییەکانەوە، بۆیە بەغدا بەنیازە هاوشێوەى دەروازەکانى سنوور کۆنترۆڵى فڕۆکەخانەکانیش بکاتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، حکومەتى عێراق لەپلانیدایە ئەمساڵ چوار فڕۆکەخانەى دیکە دروستبکات لە موسڵ، ئەنبار و ناسرییە و نەجەف و تێکڕاش ببەسترێنەوە بە بەغدا و هیچ پارێزگایەک راستەوخۆ نەتوانێت بەبێ گەڕانەوەى بۆ بەغدا ئیدارەى فڕۆکەخانەکان بکات و دەسەڵاتى فڕۆکەوانى مەدەنى عێراق و وەزارەتى گواستنەوە بسەپێنێت بەسەر فڕۆکەخانەکاندا.



گۆران عەبدوڵا- بەغداد













گەلەری