لەگەڵ بەرەوپێشچونی ئاگربەستی غەززە، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان زیادى کردووە. ڕێکخراوە مرۆییەکانیش هۆشداری دەدەن دەبێت دەستبەجێ هاوکاری مرۆیی بگەیەندرێتە ئاوارە گەڕاوەکان ئەگەر نا قەیرانێکی مرۆیی گەورە لە غەززە سەرهەڵدەداتەوە. میسر و ئوردنیش داواکارییەکى ترەمپیان بۆ وەرگرتنى ئاوارەى زیاتر رەتکردەوە.
دوای زیاتر لە ١٥ مانگ لە جەنگ و کاولکاری، ئاوارەکانی کەرتی غەززە، بە لێشاو بەرەوە زێدی خۆیان دەگەڕێنەوە.
دوای راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بە
شێک لەو بارمتە ئیسرائیلیانەی لە دەستی چەکدارانی حەماسدا بوون، لێشاوی گەڕانەوەی
ئاوارەکانی کەرتی غەززە بۆ سەر زێدی خۆیان دەستی پێکردووە.
هەرچەندە لە سەرەتاوە، حکومەتی ئیسرائیل
پێداگریی دەکرد لەوەی کە نابێت ئاوارەکان بگەڕێنەوە هەتاوەکو دڵنیا نەبنەوە لەوەی
کە حەماس بارمتەیەکیان بە ناوی ئەربیل یەهود رادەست دەکەنەوە، بەڵام لە کۆتایدا
دوای ئەوەی ئیسرائیل دڵنیایی وەرگرت بە نێوەندگیری چەند وڵاتێک و بە تایبەت قەتەر،
رێگەیدا ئاوارەکان بگەڕێنەوە.
رێکخراوە مرۆییەکانیش هۆشداری دەدەن، لە
ئەگەری گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ خانوە رووخاوەکانیان، قەیرانێکی گەورەی ئاو
و خۆراک و وزە دروست دەبێت و دەبێت هەموو لایەک بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو
دۆخە بکەن و هاوکاری مرۆییتەواو بگەیەندرێتە ئاوارە گەڕاوەکان.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی
ئەمریکا داوای لە هەریەک لە وڵاتانی میسر و ئوردن کرد ئاوارەکانی کەرتی غەززە
وەربگرن بەڵام میسر و ئوردن لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیانەوە وەڵامی
ترەمپیان دایەوە و رایانگەیاند، پشتگیریی مانەوەی فەلەستینییەکان لە خاکی خۆیان
دەکەن و ئامادە نین لە وڵاتەکانیان وەریانبگرن.
ئاماژەیان بەوەشکرد، کاردەکەن بۆ هێنانی
هاوکاریی زیاتر بۆ فەلەستینییەکان و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی
ناوچەکانیان.
لە ئێستاشدا، پڕۆسەی ئاگربەستی غەززە قۆناغی
یەکەمی بە سەرکەوتویی کۆتایی هاتوە و قۆناغی دووهەمیش دەستی پێکردووە، لەم
قۆناغەدا، حەماس سێ بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کردووە و تەنها یەک بارمتە ماوە
کە چاوەڕوان دەکرێت رۆژی هەینی ئازاد بکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت دوای گەڕانەوەی
ئاوارەکان، لە قۆناغی سێهەمی ئاگربەست حەماس سەرجەم بارمتەکان رادەستی ئیسرائیل
بکاتەوە و دوای ١٥ مانگ وێرانکاریی، دەست بە بنیادنانەوەی غەززە بکرێتەوە.