سەردێڕ:

١٧ وڵات بەشداری پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان دەکەن؛ پڕۆژەکە هەرێم دەگرێتەوە

PM:09:11:27/01/2025

3936 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، نزیکەی هەزار کیلۆمەتر لە زەوی پرۆژەی رێگای گەشەپێدان لێکۆڵینەوەی بۆ کراوە. دەشڵێت، زیاتر لە ١٧ وڵات بەشداری پرۆژەکە دەکەن.


ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥، یونس کەعبی راوێژکاری وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ رێگای گەشەپێدان بەپێی کاتی دیاریکراو بەردەوامە و لیژنەکانی لێکۆڵینەوەی زەوی لێکۆڵینەوەیان لە نزیکەی هەزار کیلۆمەتر زەوی رێگاکە تەواو کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو زەویانەی ماونەتەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت بەشێکیان دەکەونە ناو کێڵگە مینەکانەوە و بەشێکی دیکەشیان دەکەونە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە.

ئەوەشی خستە روو، بە درێژایی ٦٠٠ کیلۆمەتر زەوی دیزاینی سەرەتایی بۆ رێگاکە ئامادەکراوە و لە قۆناغی داهاتووی کارەکانیاندا دەست بە دیزاینە وردەکان دەکەن.

باسی لەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا پڕۆژەکە رەوانەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بکرێت و نزیکەی ١٧ وڵاتی عەرەبی و یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئاسیا ئارەزووی بەشداریکردنیان لە رێگای گەشەپێدان هەیە.

لە رۆژی ٢١ی ئاداری ساڵی ٢٠٢٤ەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ریكکەوتن بۆ بنیادنانی هێڵێ ئاسنین لە نێوان عێراق و تورکیا بە ناوی "پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان”، کە ئامانج لێی گواستنەوەی کەلوپەل و گەشتیارانە لە بەندەری فاوی عێراقەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا.













گەلەری