سەردێڕ:

دامەزراوەیەکی ئەمریکی: چاوەڕوان دەکرێت عێراق ببێتە گۆرەپانى شەڕی ئابوری نێوان ترەمپ و چین

PM:05:31:27/01/2025

2712 جار خوێندراوەتەوە

دامەزراوەیەکی ئەمریکی دەڵێت، چاوەروان دەکرێت عێراق ببێتە گۆرەپانى شەڕی ئابوری نێوان ترەمپ و چین، عێراقیش دەیەوێت خۆی لە ئاگری توڕەیی ترەمپ بپارێزێت بۆیە هەریەک لە سودانى و بانکی ناوەندی عێراق پێشوازییەکى گەرمیان لە شاندی ژووری بازرگانى ئەمریکا کرد و بەڵێنی پشتیوانیکردنى هاتنى کۆمپانیا ئەمریکیەکانیان داوە.


عێراق دەبێتە گۆڕەپانى شەری ئابوری نێوان ترەمپ و چین، لە ئێستاشەوە سەرەتاى ئەو جەنگە دەرکەوتووە.

دامەزراوەی ئێس ئان پی ئەمریکی دەڵێت، چاوەروان دەکرێت عێراق ببێتە گۆرەپانى شەڕی ئابوری نێوان ترەمپ و چین.

هەفتەیەک دوای دەستبەکاربوونى ترەمپ، شاندێکى ژوریبازرگانی ئەمریکا سەردانى عێراقیان کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیران و پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبوونەوە،شاندە ئەمریکییەکە باسیان لە خواستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردووە بۆ وەبەرهێنان لە عێراق لە بوارەکانی، وزە، ژێرخانى ئابوری و تەکنەلۆژیای نوێ.

بەپێی راگەیەندراوى هەردوو کۆبوونەوەکەش، هەر یەک لە سەرۆک وەزیران و پارێزگاری بانکی ناوەندی پشتیوانى خۆیان بۆ کۆمپانیا ئەمریکیەکان دەربڕیوە بۆ کارکردن لە عێراق.

هاوکات لە هەردوو کۆبوونەوەکەشدا، باسی باشکردن و فراوانکردنى پەیوەندییە بانکی و ئابوورییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن کراوە، گفتوگۆش کراوە لەسەر رێکارەکانی بازرگانی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی عێراق بۆ قۆناغی کارکردن لە حەواڵە دەرەکییەکان لە رێگەی بانکە نێوەندگیرەکانەوە.

پارێزگاری بانکی ناوەندیش وتویەتى لە مانگی چواری ئەمساڵدا شاندێکی بانکی ناوەندیی سەردانی واشنتۆن دەکات و لەگەڵ ژووری بارزگانیی ئەمریکا و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

ئاڵوگۆڕی بازرگانى عێراق و چین ساڵانە٦٥ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت، کۆمپانیاکانى چین چەندین گرێبەستى زەبەلاحیان لە کەرتى نەوتى عێراق وەرگرتووە، ئەمەش ئارامی لە ترەمپ هەڵگرتووە و دەڵێت ناکرێت ئەمریکا سەربازی خۆی بەکوشتداوە لە روخاندنى رژێمی پێشوو و سەدان ملیار دۆلاری لە عێراقدا خەرجکردووە ئێستا چین دەست بەسەر ئابوری وڵاتەکەدا بگرێت.

لەم نێوەندەشدا عێراق دەیەوێت خۆی لەگەڵ سیاسەتەکانى ئیدارەى نوێی ئەمریکادا بگونجێنێت و خۆی لە ئاگری توڕەیی ترەمپ بپارێزێت، پێشوازییکردنی بەرپرسانی باڵاى عێراقیش لە شاندە بازرگانییەکەى ئەمریکا و دەرگا واڵاکردنی عێراق بەرووی کۆمپانیا ئەمریکەکانیش دەکەوێتە ئەو چوارچێوەیەوە، بەتایبەتى کە لە پرسى دۆلار و سەروەریی وڵاتەکە بەغدا چاوی لە دەستى ئەمریکایە و نایەوێت بە ئاگری ململانێی نێوان دوو زەبەلاحەکەى ئابوری جیهان بسوتێت.













گەلەری

‌بەپەلە