سەردێڕ:

عێراق؛ فراوانبوونی پێدانی ڤاکسین و دابەزینی ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا

PM:03:12:08/11/2021

3412 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، رێژەی توشبوون بە کۆرۆنا لەسەرجەم پارێزگاکانی وڵات دابەزیوە. دەشڵێت، "ھەتا ژمارەی ئەو کەسانەی ڤاکسین وەردەگرن زیاتربێت، توشبوون کەمتردەبێت".


ئەمڕۆ دووشەممە، روبا فەلاح ئەندامی تیمی راگەیاندن لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، رێژەی ئەوانەی لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و ئەوانەی ڤاکسینییان وەرگرتووە بەرزبوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ھەتا ژمارەی ئەوکەسانەی ڤاکسین وەردەگرن بەرزبێتەوە، توشبوون بە کۆرۆنا دادەبەزێت و ئەگەری ھاتنی شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا کەمتردەکاتەوە.
روبا فەلاح ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی ئەوانەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان وەرگرتووە گەیشتووەتە  حەوت ملیۆن کەس، وەزارتی تەندروستی بەنیازە تا کۆتایی ئەم ساڵ ١٠ ملیۆن ھاوڵاتی ڤاکسین وەربگرن.
باسی لەوەشکرد، دابەزینی ژمارەی توشبوان بەواتای کۆتایی ھاتن نایەت، بەڵکو ئەگەر ھاوڵاتییان پابەندی رێنامییەکان نەبن لە بەستنی ماسک و دوور کەوتنەوە لەیەکتر، ئەگەری سەرھەڵدانی شەپۆلی چوارەم دوور نییە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەچەند رۆژی رابردوو حکومەتی ھەرێم بە ھەماھەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیھانی و بە پاڵپشتی دارایی ئەڵمانیا دەستی کردووە بە ھەڵمەتی فراوانکردنی پێدانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بە ھاوڵاتییان و لەیەکەم ھەنگاویشدا لە پارێزگای سلێمانی تیمە گەڕۆکەکان دەستیان بە جێبەجێکردنی ھەڵمەتەکە کردووە.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، دەبێت تا ١ی ١٢ی ٢٠٢١ مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن یان دەبێت هەفتانە پشكنین بكەن، فەرمانبەرانیش دەبێت تا ١ی ١ی ٢٠٢٢ ڤاکسین وەربگرن.













گەلەری