پارێزگاری مۆسکۆ رایگەیاند، سیستمی بەرگریی وڵاتەکەی چەندین درۆنی "ئۆکرانیا"ـی لە ئاسمانی شارەکە خستووەتە خوارەوە.
ئەمرۆ هەینی ٢٤ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، سێرگی سۆبیانین، پاڕێزگاری مۆسکۆ رایگەیاند، درۆنەکان لە ناوچەکانی کۆلۆمنا و رامێنسکۆ خراونەتە خوارەوە و لەو شوێنانەی کە درۆنەکانی لێ کەوتووەتە خوارەوە، هیچ زەرەر و زیانێک نەبووە و تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
هاوکات، بەپێی میدیای رووسیا، بەهۆی مەترسی درۆن، دەزگای فڕۆکەوانی فیدراڵیی
ئەو وڵاتە، بەشێک لە گەشتەکانی راگرتووە و رێنمایی بە ژمارەیەک فڕۆکەش داوە لە نزیکترین
فڕۆکەخانە بنیشنەوە.
پێشتر، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاندبوو، لە ماوەی سێ کاژێردا ٤٩ درۆنی
ئۆکرانیایان لە ئاسمانی روسیا خستووەتە خوارەوە و زۆربەشیان لە ئاسمانی هەرێمی
کورسک بوون.
لەو بارەیەوە پارێزگاری کورسک ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا
وایکردووە کارەبای بەشێک لە هەرێمەکە ببڕێت.
هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا لەکاتێکدان، سوپای روسیا لە باکووری رۆژهەڵاتی
هەرێمی خارکیڤ و لە شاری پۆکرۆڤسکی هەرێمی دۆنێتسک لەپێشڕەویدان.
ئەوە لە کاتێکدایە، جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ـوە
بەردەوامە. لەو کاتەوە ئەمریکا زیاتر لە ٦٦
ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی پێشکێشی ئۆکرانیا کردووە.