PM:03:33:24/01/2025
2588 جار خوێندراوەتەوە
ئاگرێکی گەورە لە کێڵگەی نەوتی رومەیلە لە شاری بەسڕە کەوتەوە و بەهۆیەوە شەش کرێکار سووتاون و برینداربوون، هاوکات هەتا ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
ئەمڕۆ هەینی ٢٤ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، ئاژانسی شەفەق نیوز لە زاری سەرچاوەیەک لە کێڵگەی نەوتی رومەیلە لە شاری بەسڕە رایگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەوە شەش کرێکاری پاڵاوگەکە برینداربوون، یەکێکیان قاچێکی شکاوە، یەکێکی دیکەشیان دەموچاوی سووتاوە، ئەوانی دیکەش تووشی برینداری جۆراوجۆر بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگرەکە لە وێستگەی پێنجەمی کێڵگەی نەوتی رومەیلا کەوتووەتەوە،
تا ئێستاش ئاگرەکە بەردەوامە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدەن.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکردووە، مەفرەزەکانی پۆلیسی وزە بەشدارییان لە پرۆسەی
کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا کردووە کە لە وێستگەی پێنجەمی غازدا کەوتووەتەوە، هاوکات هێزە
ئەمنییەکان گەمارۆیەکی توندی ناوچەکەیان داوە.