وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە سویسرا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لەژێر ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ لە عێراق دەمێننەوە.
ئەمڕۆ هەینی ٢٤ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٥، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس رایگەیاند، پێی وانییە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە و بڕوای وایە کە هێزەکان دەمێننەوە.
وتیشی،
"رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەراورد بە خولی یەکەمی ئیدارەی ترەمپ جیاوازە، ئێستا ئێمە
رووبەڕووی ئاڵنگاریی جیاواز بووینەتەوە و هەست دەکەم ئەوان لەم ناوچانە دەبن و دەمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد،
پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا، لەچوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی ئەمنییە و بەردەوامیشن
لە گفتوگۆکانیان لەبارەی پەیوەندییەکانی داهاتوویان.
هاوکات، دەربارەی
پەیوەندی و ناکۆکییەکانی وڵاتی ئێران و ئەمریکا باسی لەوەکرد، نیگەرانین لەو گرژییانە
و هیوادارین هەردوولا ئاراستەیەکی نوێ بگرنەبەر.
ئەوە لەکاتێکدا، ئەمریکا لانیکەم دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی لە عێراق هەیە وەکو بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە دەکەن.