وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەبنە ناوەند و بنەمای دیپلۆماسیەتی داهاتووی ئەمەریکا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، مارکۆ روبیۆ، وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا کە بە بۆنەوەی دەستپێکردنی کارەکەیەوە بڵاویکردوەتەوە دەڵێت، هەموو تێچوویەک و هەوڵێکی ئەمەریکا لە کاروباری دەرەوەدا دەبێت رەوایی بداتە وەڵامی ئەم سێ پرسیارە سادەیە و بەم مەبەستانە بێت؛ ئایا ئەمە ئەمەریکا پارێزراوتر دەکات؟ ئایا ئەمەریکا بەهێزتر دەکات؟ ئایا ئەمەریکا ئاوەدانتر دەکات؟
باسی لەوەشکرد "بۆ پێشخستنی بەرژەوەندی نیشتمانیمان، ئێمە وەزارەتێکی دەرەوەی داهێنەرتر و
چالاکتر بنیات دەنێین. ئەمەش پێویستی بە گۆڕینی هەندێک لەپێشینە و کەمتر جەختکردنەوە
لەسەر هەندێک پرس و سڕینەوەی هەندێک چالاکی دیکەیە".
ئاماژەی
بەوەشکرد، "وەزارەتی دەرەوە چیتر هیچ چالاکیەک کە کۆچی بەکۆمەڵ ئاسان بکات یان
هان بدات، ئەنجام نادات و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دیکە لەپیشینە
دەدات بە ئاسایشی سنوورەکانی ئەمەریکا، وەستاندنی کۆچی نایاسایی و دانوستان لەسەر گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکانیان".
ئەوەشی
خستەڕوو، "وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاوتەریب لەگەڵ ئەو فەرمانانەی ترەمپ لە
رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونیدا دەریکرد، کۆتایی بە هەر هەوڵێک دەهێنێت کە لە پێناو
بەرەوپێشبردنی هەمەجۆریی و یەکسانی و گشتگیری لە دامەزراندنی کارمەنددا دەدرێت".