سەردێڕ:

حکومەتی پەنەما سکاڵا دژی ترەمپ تۆماردەکات

PM:11:01:22/01/2025

2060 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی پەنەما سکاڵایەکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکرد سەبارەت بە هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەناڵی پەنەما.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢می کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی پەنەما ئاماژەی بە مادەیەکی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە هەر ئەندامێک لە 'هەڕەشەکردن یان بەکارهێنانی هێز' لە دژی یەکپارچەیی یان سەربەخۆیی سیاسی دەوڵەتێکی دیکە قەدەغە دەکات.

هەروەها، لە نامەکەدا داوا لە سکرتێری گشتی کراوە کە ئەو پرسە ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بەبێ ئەوەی داوای کۆبوونەوە بکات.

ئەمەش دوای ئەوە هات، ترەمپ لە وتارەکەیدا کە رۆژی دووشەممە لە دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک، رایگه‌یاند چین کەناڵی پەنەما کۆنتڕۆڵ دەکات لە رێگەی زیادبوونی لە دەورووبەری رێڕەوی ئاوی پەنەما، کە ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٩ـدا رادەستی دەوڵەتی پەنەمای کرد.

هاوکات، بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ترەمپ رایگەیاندووە، "ئێمە رادەستی وڵاتی چینمان نەکرد، بەڵکو رادەستی پەنەمامان کرد، و بەدەستی دەهێنینەوە".

لە لایەکی دیکەوە، دواتر فەرمانگەی کۆنترۆڵکەری پەنەما وردبینییەکی گشتگیری کۆمپانیای "بەندەرەکانی پەنەما"ی راگەیاند بە ئامانجی "دڵنیابوون لە بەکارهێنانی کاریگەر و شەفافانەی سەرچاوە گشتییەکان".













گەلەری