سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، پاشەکشە لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی جەنگ ناکەین و ئیسرائیل مافی خۆیەتی شەڕ لە غەززە دەستپێبکاتەوە بە پشتیوانی ئەمریکا، ئەگەر قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە بێسود بێت. دەشڵێت، لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستدا شەڕ بەشێوەیەکی کاتیی دەوەستێت.
شەممە ١٨ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٥، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، تەواوی بەڵێنەکانی جەنگ جێبەجێ دەکەین و پاشەکشە لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی جەنگ ناکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگربەستەکە کاتییە، هەروەها ئیسرائیل مافی خۆیەتی ئەگەر
پێویست بکات شەڕ لە غەززە دەست پێبکاتەوە بە پشتیوانی ئەمەریکا.
ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل دان بەخۆیدا ناگرێت بەرامبەر هەر پێشێلکارییەکی رێککەوتنەکە و بەرپرسیارێتی تەواو لە ئەستۆی حەماسدایە.
ئەوە لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، ئاگربەستی شەڕ لە کەرتی غەززە جێبەجێ
بکرێت و لە یەکەم قۆناغیشدا ٣٣ بارمتەی ژێر دەستی چەکدارانی حەماس بەرانبەر بە
ئازادکردنی ٧٣٧ زیندانی فەڵەستینی ئاڵوگۆڕ بکرێن.
هاوکات، بە پێی رێککەوتنەکە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە شەش هەفتە دەخایەنێت،
تایبەتە بە ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان.