سەردێڕ:

قائیمقامی شنگال: حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە نەگەڕانەوەى ئاوارەکان

PM:10:10:22/07/2021

2708 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامی شنگال رایگەیاند، گەڕانەوەی هاوڵاتیان بۆ ناو قەزاکە بە سستی بەڕێوەدەچێت و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و حکومەتی عێراقیش لەو بابەتە بەرپرسیارن.


فەهد حامد قائیمقامی قەزای شنگال بۆ میدیا عێراقییەکان باسی لەوەشکردووە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گرنگی بە گەڕانەوەی هاوڵاتیان نادات و پێویستیشە سەرجەم دام و دەزگا خزمەتگوزارییەکان لە شنگال جارێکی دیکە بکرێنەوە.

روونیشیکردەوە، لە هەفتەیەکدا تەنها پێنج بۆ ١٠ خێزان گەڕاونەتەوە و حاڵەتی لەوجۆرەش هەبووە لە چەند هەفتەیەکدا هیچ خێزانێک بۆ ناو شارەکە نەگەڕاونەتەوە.

قایمقامی شەنگال راشیگەیاند، کۆمەڵگەی عەدنانییە نزیکەی ١٥ هەزار دانیشتووی هەبووە بەڵام ئێستا هیچ خێزانێکی تێدا ناژی، دەشڵێت، هۆکاری نەگەڕانەوەی هاوڵاتیان بۆ قەزای شنگال گرنگی نەدانە بە دۆسییەی کۆچبەران لەلایەن حکومەتی عێراقی و وەزارەتی کۆچبەرانەوە.

فەهد حامد ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک دام و دەزگای وەکو رەگەزنامە و کارتی نیشتەجێبوون کراونەتەوە بەڵام ئەوەندە بەس نییە بەڵکو پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق پەلە بکات لە کردنەوەی سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لەپێناو گەڕانەوەی ژیان بۆ شارەکە و خەڵکەکەشی.

ساڵی رابردوو، حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی پەیکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەغدا رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و رادەستکردنی ئەمنییەتی شارەکە بە هێزەکانی پۆلیس و دوورکەوتنەوەی هێزە سەربازییەکان بە دووری ٥ کم لە شارەکەوە، بەڵام تا ئێستا رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێنەکراوە.













گەلەری