سەردێڕ:

ترەمپ؛ ئاگربەستی لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لەغەززە راگەیاند

PM:08:38:15/01/2025

2896 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، حەماس رەزامەندیی لەسەر ئاگربەست لە غەززە و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان داوە. بڕیارە سبەینێش حکومەتی ئیسرائیل دەنگ لەسەر ئاگربەستەکە بدات.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، لە پۆستێکیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیال) رایگەیاندووە، حەماس رەزامەندیی لەسەر ئاگربەست لە غەززە و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان داوە.

هاوکات، وتەبێژی حەماس بە میدیاکانی راگەیاندووە، رەزامەندییان لەسەر رەشنووسی کۆتایی ئاگربەستی غەززە داوە و بڕیاریشە حکومەتی ئیسرائیل، سبەینێ پێنجشەممە لە دانیشتنێکدا دەنگ لەسەر رەشنووسی ئاگربەستەکە بدەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بە پێی رەشنوسەکە، ئاگربەستەکەی غەززە بە سێ قۆناغ ئەنجامدەدرێت، لە یەکەم قۆناغدا ئاگربەست بۆ ٤٢ رۆژ بەردەوام دەبێت و  لەو ماوەیەشدا حەماس ٣٣ بارمتەی ئیسرائیلی  ئازاد دەکات، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل سەدان بارمتەی فەڵەستینی ئازاد دەکات.

هەر لە قۆناغی یەکەمدا، بڕیارە سوپای ئیسرائیل لە ناوەندی شوێنەکانی نیشتەجێبوون بکشێتەوە و فەلەستینییەکانیش رێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان و دەبێ ڕێگەش بدرێت هاوکاری مرۆیی بگەیەندرێتە دانیشتوانی غەززە.

لە رەشنووسەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە قۆناغی دووەمدا تەواوی بارمتە زیندووەکان ئازاد دەکرێن، لە بەرامبەردا ئیسرائیل سەدان گیراوی تری فەلەستینی ئازاد دەکات.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە قۆناخی سێیەم و کۆتایی ئاگربەستەکەش تەرمی بارمتەکان رادەست دەکرێنەوە.













گەلەری

‌بەپەلە