سەردێڕ:

سودانی گەیشتە ئێران و لەلایەن مەسعود پزیشکیانەوە پێشوازی لێکرا

PM:12:18:08/01/2025

1712 جار خوێندراوەتەوە

سودانی گەیشتە ئێران و لەگەڵ خۆشیدا چەند دۆسیەیەک دەبات تا بە یەکجاریی یەکلاییان بکاتەوە


ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئێران و لەلایەن مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێرانەوە پێشوازی لێکرا، بڕیارە چەند پرسێك چەند پرسێک کە پەیوەندییان بە دۆخی ناوچەکە و هەردوو وڵاتەکەوە هەیە، تاوتوێ بکەن.

بە پێی بڵاوکراوەکەی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەکێک لە پرسە گرنگەکانی کە سودانی لە سەردانەکەیدا دەیەوێت یەکلایی بکاتەوە، پرسی بوونی گروپە چەکدارەکانە لە خاکی عێراقدا، بەوپێیەی لە چەند رۆژی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا پەیامێکی ئاڕاستەی سودانی کردووە و پێی راگەیاندووە کە دەبێت گروپە چەکدارەکان لە چەک دابماڵدرێن و چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت.

پێشتریش، مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان عێراق باسی لەوە کردبوو،گروپە چەكدارەكانی عێراق هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل راگرتووە وداوای مۆڵەتیان کردووە تا چەک رادەستی دەوڵەت بکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە،ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە بەغدایە و پەیامی تارانی گەیاندووەتە سودانی سەبارەت بە فشارەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان.

هەرچۆنێک بێت، لە ئێستادا هەموو هەوڵەکانی عێراق بۆ ئەوەیە ئاگری شەڕ خاکەکەی نەسوتێنێت و بە یەکجاریی مەترسییەکانی هێرشکردنە سەر خاکەکەی بە بیانووی گروپە چەکدارەکانەوە، کۆتایی پێ بهێنێت.













گەلەری