دوای سێ مانگ لە کوژرانی حەسەن نەسروڵا، ئیسرائیل وردەکاری کوشتنەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ١٨ ساڵ بەردەوام چاودێری نەسروڵایان کردووە دواجار لە ئێوارەی ٢٧ی ئەیلولی ساڵی رابردوو بڕیاری کوشتنیان دا.
دوای نزیکەی سێ مانگ لە کوژرانی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی پێشووتری حزبوڵا، بۆ یەکەمین جار ئیسرائیل چۆنیەتی و وردەکاری کوشتنەکەی بڵاو کردەوە.
لەدوای دەستپێکی شەڕی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل لە ٢٠٠٦، دەزگای
هەواڵگریی سوپا و مۆساد دەستیانکردووە بە چاودێریکردنی نەسروڵا، بەڵام لەوکاتەدا
بڕیاری کوشتنی نەدراوە، ئامانج لە چاودێریکردنیشی ئەوە بووە کە لە کاتی گونجاودا
بەئامانجی بگرن.
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی غەززە لەنێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی
حەماسدا، حەسەن نەسروڵڵا لە لوبنانەوە بڕیای دا کە حزبوڵاش بەشداری شەڕەکە بکات،
شەڕ هەر بەردەوام بوو،لە ١٩ی ئەیلولی ساڵی رابردوو و هەشت رۆژ پێش کوشتنی،
نەسروڵڵا رایگەیاند، شەڕکردنیان دژ بە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت، تەنها دوای رۆژێک
لە لێدوانەکەی، فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی حزبوڵڵا و چەند فەرماندەیەکی دیکە
کوژران، لە ٢٣ی ئەیلولیشدا سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆسەر لوبنان دەستپێکرد و
چەندین پێگەی حزبوڵڵای بۆردوومان کرد، وەک سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، بەو
هێرشانە٪٨٠ی تواناکانی حزبوڵڵایان لەناوبردووە.
هاوکات، بەپێی ئەو زانیارانەی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردوەتەوە، چەند
رۆژێک پێش کوشتنی نەسروڵڵا، دەزگا هەواڵگرییەکان زانیاری وردیان لەسەر شوێنی
مانەوە و جموجوڵی نەسروڵا هەبووە، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، وردەکاری لە بارەی
شوێن و جوڵەی نەسروڵڵا بە تەلئەبیب دراوە و لە کۆتا کۆبوونەوەدا کە ناتانیاهۆ
تیایدا بەشدار بووە بڕیار لەسەر کوشتنی نەسروڵڵا دراوە.
ئۆپراسیۆنەکە لە ئێوارەی ٢٧ ئەیلول دەست بەجێبەجێکردنی کرا، چەند
فڕۆکەیەکی جەنگی پڕچەک کران و لە ماوەی ١٠ چرکەدا ٨٠ تەن تەقەمەنییان بەسەر
نەسروڵڵادا باراند و چەند رۆژێکیش بۆردوومانی ناوچەکە بەردەوام بوو، تا لە
کۆتاییدا حزبوڵڵای لوبنان، کوژرانی ئەمیندارەکەیانی پشتڕاست کردەوە، تا ئێستاشی
لەسەر بێت، ئیسرائیل بەشوێن سەرکردەی گروپە چەکدارەکانەوەیە و دەیەوێت، لاوازیان
بکات و کۆتایی بە هەڕەشەکانیان بۆسەر وڵاتەکەی بهێنێت.