وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگربەست لەنێوان تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شاری مەنبەج و دەوروبەری بەردەوامە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، سابرینا سینگ، وتەبێژی پنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئاگربەست لەنێوان تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" لەو بەشەی باکووری سوریا بەردەوامە و بەشیوازێکی گونجاو بەڕێوەدەچێت.
ئەمەش دوای
ئەوەدێت، سەرەتای ئەم مانگە واشنتۆن نێوەندگیری ئاگربەستێکی سەرەتایی کرد لەنێوان
تورکیا و هەسەدە، پاش ئەو شەڕ و پێکدادانەی لەنێوان گروپەکانی نزیک لە تورکیا و هێزەکانی
سوریای دیموکراتدا لە چەند ناوچەیەکی باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا روویدا.
پیشتریش، رۆژی ١٩ـی
کانونی یەکەم، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، هیچ جۆرە رێککەوتنێکی
ئاگربەست لەنێوان ئەنقەرە و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا بوونی نییە.
ئەمە
لەکاتێکدایە، ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار سەربازی لە سوریا هەیە و بەهاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی
سوریای دیموکرات کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی
ئەو گروپە، کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا دەستیان بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی عێراق و سوریادا
گرت.