سەردێڕ:

ئەحمەد شەرع: گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە دەکەین

PM:04:59:29/12/2024

2624 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەسەڵاتی ئیدارەی نوێی سوریا رایگەیاند، کورد بەشێکی دانەبڕاوە لەسوریا و لەگەڵ گروپی سوریای دیموکرات دانوستان دەکەین.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢٤، ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی نوێی سوریا بە کەناڵی عەرەبییەی رایگه‌یاند، ئیداره‌ی ئێستای سوریا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) دانوستاند ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی باكووری خۆرهه‌ڵاتی سوریا، کورد بەشێکی دانەبڕاوە لە پێکهاتەکانی سوریا و رێگە به‌دابه‌شبوونی وڵات ناده‌ین.

ئاماژەی بەوەشکرد، من خۆم به‌ رزگاركه‌ری سوریا نازانم، به‌ڵكو هه‌ركه‌سێك کە قوربانی دابێت‌ رزگاركه‌ری سوریایە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەسەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر دیمەشق، گروپه‌ چه‌كداره‌كان زۆر به‌ئاگابوون بۆ ئەوەی لە کاتی پڕۆسەی رزگارییدا زیانی گیانی و ئاوارەبوون نەبێت، زۆر هەوڵیشماندا بۆ ئەوەی دەسەڵات بە ئاسانی بگوازرێتەوە.

هاوکات، سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی گروپه‌ چه‌كداره‌كانیش وتی، دەستەی تەحریر شام هەڵدەوەشێتەوە و ئەوەش لە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیدا رادەگەیەنرێت.

هەروەها دووپاتیشی کردەوە، دەسەڵاتی نوێ بە عەقڵیەتی دەوڵەت وڵات بەڕێوەدەبات و جەختیشی کردەوە، کە سوریا نابێتە مایەی ناڕەحەتی بۆ هیچ کەسێک.

دەربارەی سزاکانی ئەمریکاش ئاماژەی بەوەکرد، هیوادارم کەئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ سزاکانی سەر وڵاتەکەیان هەڵبگرێت.

هەروەها، ئاماژەی بەوەدا، کە سعودیە هەلی وەبەرهێنانی گەورەی لە سوریا هەیە، وتی، شانازی بە هەموو ئەو کارانە دەکەم کە سعودیە بۆ سوریا کردوویەتی و رۆڵێکی گەورەی هەیە لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا.













گەلەری