چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئازەربایجان دەڵێن، روسیا ئەو فڕۆکەیەی وڵاتەکەیانی خستووەتە خوارەوە کە بە هۆیەوە نزیکەی ٤٠ سەرنیشین گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ هەینی ٢٧ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢٤، چوار سەرچاوە لە ئازەربایجان کە ئاگاداری لێکۆڵینەوەکانن بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئەو فڕۆکەیەی هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان کە رۆژی چوارشەممەی پێشوو لە کازاخستان کەوتە خوارەوە، لە لایەن سیستمی بەرگری ئاسمانی روسیاوە کراوەتە ئامانج.
ئەمە لەکاتێکتدا، فڕۆکەکە ٦٧ سەرنشین و
پێنج ئەندامی دەستەی فڕۆکەکەی هەڵگرتبوو و بەپێی دوایین لێدوانەکانی کاربەدەستانی
ئازەربایجان ٣٨ کەسیان لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات، هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان دەڵێت،
فڕۆکەکە لە شاری باکووەوە بەرەو گرۆزنی هەرێمی چیچان گەشتی کردووە، بەڵام دواتر رێڕەوەکەی
گۆڕیوە لەو ناوچەیەی روسیادا کە لە چەند مانگی رابردوو بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیاوە
سیستەمی بەرگری ئاسمانی روسیای تیادا چالاککراوە.
هاوکات، کاربەدەستانی فەرمی دەڵێن فڕۆکەکە
بە جیاوازی سەدان کیلۆمەتر رێڕەوی گۆڕیوە و بە دووری ٣ کیلۆمەتر لە شاری ئاکتاو لە
کازاخستان کەوتووە.
لەلایەکی دیکەوە، دەزگای چاودێری فڕۆکەوانی
روسیا رایگەیاند، رووداوەکە حاڵەتێکی نائاسایی بووە کە رەنگە بەهۆی کۆچی بەکۆمەڵی
باڵندەکانەوە بووبێت، بەڵام هەندێک لە پسپۆڕانی فڕۆکەوانی ئەو هۆکارە بەدوور دەزانن.