فرۆکە جەنگیەکانى ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک دامەزراوەى یەمەن لە سەنعاى پایتەخت و شارى حودەدەیدە کە لەژێر کۆنترۆڵى گروپە چەکدارەکاندان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢٤، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا، هەروەها هەردوو وێستگەی وزەی عەزیز و رەئس کوتەیب و وتیشی، ژێرخانی بەندەرەکانی حودەیدە و سەلیفیان لە رۆژئاوای یەمەن کردووەتە ئامانج.
كەناڵی ١٤ـی ئیسرائیل باسى لەوە کردوە، ئیسرائیل بەشێوەی تاكلایەنە هێرش
دەكاتە سەر یەمەن و ئەمریكاشی ئاگاداركردوەتەوە.
هاوکات، میدیای نزیک لە گروپە چەکدارەکانى یەمەنیش ئاماژەیان بەوە
کردووە، لە هێرشەکاندا، ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا و بنکەی ئاسمانیی
دلێمی لە سەنعا کردە ئامانج، هەروەها وێستگەیەکی کارەبا لە شاری حودەیدە بۆردوومانکرا.
هەرچى گروپە چەکدارەکانی یەمەنیشە، دەڵێن، پرۆسە دەریاییەكانیان كاریگەریی
لەسەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی هەبووە و ئەوەی روودەدات تەنیا رێگریكردنە لە کەشتیەکانى
ئەو وڵاتانە بە تەنها.