تەلەفزیۆنی سوریا رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل دەستیکردووە بە چوونە ناو جەرگەی شارۆچکەی سوەیسە لە لادێی قونەیترە لە باشووری رۆژئاوای سوریا.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، "ئیسرائیل نزیکەی حەوت کیلۆمەتر چووەتە ناو ناوچەی پارێزراوەوە، هەروەها خەڵکی گوندەکانی ئوم عەزم و عەدانیەی ئاگادارکردووەتەوە لە کاتی دیاریکراو بۆ چوونە ژوورەوە و دەرچوون لە ناوچەکە".
ڕۆژی سێشەممە بەپێی روانگە، زرێپۆشەکانی ئیسرائیل بە یاوەری سەربازەکان
چوونەتە ناو بەرزایی شەرەت حەرمون، و دەستیان کرد بە دامەزراندنی خاڵێکی نوێ لە
دامێنی گردەکاندا کە رووی لە لادێکانی باشووری رۆژئاوای دیمەشق بوو.
دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئەو
ناوچەیە بێ چەکییە کە لە دوای شەڕی ساڵی ١٩٧٣ لە ناو خاکی سووریا دامەزرابوو.
ئیسرائیل ئەو دەستدرێژییە بە رێوشوێنێکی کاتی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی
سنوورەکان وەسف دەکات، بەڵام وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل
لانیکەم بە درێژایی زستان لەسەر چیای حەرمون دەمێننەوە.