تا قەیرانى مووچە درێژەبکێشێت، رێژەى بێکارى لە هەرێمى کوردستان زیاد دەکات و بەپێى تازەترین ئامارەکان نزیکەى ٢٥٪ى خەڵکى هەرێمى کوردستان و بەتایبەتى گەنجان بێکارن، لەکاتێکدا وڵاتان وەک سەرچاوەى مرۆیی هێزى گەنجان بەکاردەهێنن و یەکێکن لە رەگەزە سەرەکییەکانى پێشخستنى ئابوریی.
دەستی کاری زۆرە بەڵام کار ناکەن، ئەمە هەرێمی کوردستانە، کە لە سایەی حکومەتی کاربەڕێکەرەوە رێژەی بێکاریی تیایدا گەیشتووەتە ئاستێکی خەیاڵیی.
گەنج یان دەستی
کار، بە بڕبڕەی پشتی بازاڕ و بەرەوپێشبردنی وڵات دادەنرێت، هەموو وڵاتانی دونیا
چاویان لەسەر گەنجە و هەوڵەکانیان بۆ پەرەپێدانی جیلێکی گەنجی کارامەیە کە توانای
بەڕێوەبردنی وڵات و بەرەو پێشبردنی هەبێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەم هاوکێشەیە
تەواو پێچەوانەیە.
ئەو کەسانەی
کە تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٦٣ ساڵدایە و خاوەنی کار نین، وەک بێکار هەژمار دەکرێن.
بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەڕێکی تایبەت بە ئامارە ئابورییەکان، لە کۆتای ساڵی ٢٠٢٣دا،
رێژەی بێکاریی لە قەتەر ٠.١ ٪ـە، لە کەمبۆدیا ٠.٢ ٪و نەیجیریا لە ٠.٦٪ و چەن وڵاتێکی
دیکە کە بێکاریان تا ئاستی نزیک لە سفر دابەزاندووە.
لە پاڵ ئەمانەشدا،
ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی ئابووری گەورەن، رێژەی بێکارییان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە،
بەجۆرێک ئەمریکا رێژەی بێکاری بۆ لە ٣.٦٪، چین بۆ ٤.٧٪، ئەڵمانیا بۆ ٣٪ و ژاپۆن بۆ
٢.٦٪ کەمکردووەتەوە، یەکێک لەو وڵاتانەشی کە رێژەی بێکاری تیادا بەرزە لە چاو ئەو
وڵاتانە بەرازیلە، بێکاری تێیدا لە ٨٪ە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار.
لە بەرامبەریشدا
و بەپێی داتاکانی سەرژمێری، هەرێمی کوردستان خاوەنی کۆمەڵگایەکی گەنجە و دەستی کار
لە ٦٤٪ دانیشتوانەکەی پێکدەهێنن، بەڵام ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت هەموو
ستاندار و ریکۆردەکانی شکاندووە و بەپێی ئامارەکانی حکومەتی کاربەرێکەر خۆیان، رێژەی
بێکاری لە هەرێمی کوردستان گەیشتوەتە نزیکەی ٢٠٪، لەکاتێکدا بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان
دەبێت رێژەی بێکاری لەنێوان ٤٪ و ٦٪ بێت، ئەمەش مانای وایە بێکاری لە هەرێمی
کوردستان لە حاڵەتی ئاسایی دەرچووە.
لەلایەکی دیکەشەوە
رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی دەڵێت، رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان ٢٤٪ی تێپەڕاندووە،
بەم پێیەش بێت لە ٣٧٪ی هێزی کارەکەی هەرێمی کوردستان بێکارن.
دەستی کاری هەرێمی
کوردستان سەرباری ئەوەی خاوەن توانا و کارامەیین بەڵام لەلایەن حکومەتی کاربەڕیکەرەوە
کەمترین گرنگی پێدراوە و پارتی و یەکێتی کە خاوەنی دەسەڵاتن تەنها لە خەمی گرفانی
خۆیاندان و هیچیتر.