ئێوارەی ٨ی کانونی یەکەم، کۆتا ئێوارەی دەسەڵاتی ئەسەد، ئەو شەوە بارودۆخی سوریا بە جۆرێک تێکچووبوو بەشار ئەسەد پەیوەندی بە بەرپرسانی سوپاکەیەوە کرد و پێی وتون خۆیان رزگا بکەن، خۆشی هەرچۆن فریاکەوت لە سوریا هەڵات و تەنانەت ماهیر ئەسەدی براشی ئاگادار نەکردەوە، بینەری ئەم راپۆرتە بن چیرۆکی هەڵاتن و کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەدتان بۆ باس دەکەین.
ئێوارەی یەکشەممەی ٨ی کانونی یەکەم، کاتێکی ناخۆش و کارەساتبار بوو بۆ حکومەتی پێشووی سوریا، دەنگی تەقینەوە لە دەرەوەى دیمەشق دەبیسترا و یەک لەسەر یەک تەلەفونەکان لەلایەن بەرپرسانی سوپاوە بۆ بەشار ئەسەد دەهاتن.
ئەسەد گرنگترین کۆبوونەوەی ئەنجامدا کە لە ٢٤
ساڵی رابردووی دەسەڵاتەکەیدا ئەنجامی نەدابوو، تێیدا بڕیاردرا لەسەر داهاتووی خۆی
و وڵات و نزیکەکانی، کۆبوونەوەکە لە بەرپرسانی باڵا و راوێژکارەکانی پێکهاتبوو.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی بەشار ئەسەد رۆیشت بۆلای
و پێی وت، جەنابی سەرۆک بارودۆخەکە مەترسیدارە و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن هاتونەتە
دەرگای دیمەشق و دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری سوریادا گرتووە، پێویستە پلانێکی خێرا
دابنێین بۆ هەڵاتن.
بەشار ئەسەد وتی، بوەستە ئێستا
هاوپەیمانەکانمان کە ئێران و روسیان هاوکاری فڕۆکە و سەربازیمان بۆ دەنێرن، بەڵام
ئەگەر نەیان نارد هیچ بوارێک هەیە بۆ هەڵاتن؟
لە وەڵامدا بەڕێوەبەری ئۆفیسەکەی وتی، بەڵێ
لە ئێستادا فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی حەمیمیم ئامادەیە بۆ هەڵاتن.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەشار ئەسەد
تەنانەت ماهیر ئەسەدی برا بچوکی لە پلانی هەڵاتنەکەی ئاگادار نەکردەوە، بەرپرسی
ئۆفیسی ئەسەد وتی، ماهیری برات ئاگادار ناکەیتەوە، بەشار ئەسەد لە وەڵامدا وتی، لە
ئێستادا نەخێر.
لەو شەوەدا هێواش هێواش کەشتی دەسەڵاتی
ئەسەد لە نقومبوون نزیک دەبووە و لەو کاتەدا بەشار ئەسەد سەرجەم بەرپرسانی سوپاکەی
ئاگادارکردەوە کە واز لە شەڕ بهێنن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان چونکە سوپا کۆتایی
هاتووە.
لەو کاتەدا ماهیر ئەسەد لەگەڵ یەکێک لە
ئەفسەرەکانی سوپاکەیدا وتی، چی روویداوە بۆچی بەرپرسەکان واز دەهێنن و لە سوپا
هەڵدێن؟ ئەفسەرەکە وتی، فەرمانی بەشار ئەسەدە و رایگەیاندووە واز لە سوپا بهێنن و
خۆیان رزگار بکەن.
لەم سەرو بەندەدا بەشار ئەسەد بەردەوام بوو
لە کۆبوونەوە گرنگەکەی و پلانی هەڵاتنی لە سوریا داڕشت، چەند ساتێک دواتر بەشار
ئەسەد پەیوەندی بە بوسەینە شەعبانەوە کرد کە راوێژکاری بوو بۆ ئەوەی
راگەیەندراوێکی بۆ ئامادەبکات و لە تەلەفزیۆنی سوریا بیخوێنێتەوە، بوسەینەش وتی،
لەماوەی کاتژمێرێکدا ئامادەی دەکات و دەیهێنێت بۆ کۆشک، بەڵام لە کاتی رۆشتنی
بوسەینە بۆ کۆشک بەشار ئەسەد لەوێ نەمابوو.
لە کاتژمێر سێی بەیانیدا بەشار ئەسەد لەگەڵ
چەند راوێژکارێکی گەیشتنە فڕۆکەخانەی سەربازی حەمیمیم سەر بە پارێزگای لازقیە و
لەو کاتەدا فڕۆکەخانەکە لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە دەورەدرا بوو، یەکێک لە
راوێژکارەکانی وتی، جەنابی سەرۆک ئەم فڕۆکەخانەیە لە ئێستادا گونجاو و پارێزراو
نییە، بەشار ئەسەدیش وتی، ئەمە کۆتایی نەهاتووە بەڵکو ئەم شەڕە نوێیە ئێستا
دەستپێدەکات.
لە کاتژمێر پێنجی بەیانیدا بەشار ئەسەد
لەگەڵ خێزانەکەیدا بە فڕۆکەیەک بەرەو روسیا هەڵاتن و دوای هەشت کاتژمێر روسیا
بڵاویکردەوە، بەشار ئەسەد گەیشتووەتە مۆسکۆ، ئەمە چیرۆکی کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی
ئەسەد بوو.