PM:08:18:19/12/2024
3368 جار خوێندراوەتەوە
لەگەڵ روخانی بەشار ئەسەد رۆژ بەدوای رۆژ پەردە لەسەر چەندین نهێنی بنەماڵەکەی ئاشکرا دەبێت و دەبێتە مانشێتی میدیاکانی جیهان.
رەفعەت ئەسەد کێیە، چۆن سامانێکی یەک ملیار دۆلاری سوریای بەهەدەردا و دژی براکەی وەستایەوە؟ بینەربن لەم راپۆرتەدا وردەکاریەکەیتان بۆ باس دەکەین.
رەفعەت ئەسەد ناوی تەواوی رەفعەت عەلی سلێمان ئەسەدە کە دەکاتە مامی بەشار
ئەسەد و برا بچوکی حافز ئەسەدی باوکی، ساڵی ١٩٣٧ لە نزیک لازقیەی رۆژئاوای سوریا لە
دایکبووە، دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن حافزی برایەوە، بووە بە جێگری سەرۆکی
سوریا و چەندین تاوان و کۆمەڵکوژی دژی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی ئەنجامداوە، ساڵی ١٩٨٤یش
دژی براکەی وەستایەوە و هەوڵی کودەتایدا بەسەریدا بەڵام شکستیهێنا و هەڵهات بۆ ئەوروپا.
رەفعەت ئەسەد پاش هەڵهاتنی بۆ ئەوروپا لەگەڵ خۆیدا سامانێکی زۆری سوریای
برد و لە رێگەی کۆمپانیای ئەهلی و کڕینی موڵک و باڵەخانەوە سپیکردەوە، کە مەزەندە
دەکرێت زیاتر بێت لە یەک ملیار دۆلار، بە جۆرێک لە ئیسپانیا بەبەهای زیاتر لە ٧٠٠
ملیۆن دۆلار موڵکی کڕی کە زیاتر لە ٥٠٠ موڵک لەنێوان ساڵانی ١٩٨٦ بۆ ٢٠٠٥. هەرچی لە
فەرەنسایشە لە رێگەی رەفعەت ئەسەد خاوەنی دوو باخچەی گەورە و شوێنێکی بەخێوکردنی ئەسپ
و نزیکەی ٤٠ شوقە و کۆشکێکی گەورەیە کە بە شاتوو ناسراوە، هاوکات لە بەریتانیاش
خاوەنی کۆشکێکی ٥٠ ملیۆن دۆلارییە و لە مۆسکۆی روسیاش چەندین باڵەخانەی هەوڕ بڕی هەیە
و بەهاکانیان بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێن، دواجار و پاش ٣٦ ساڵ لە بردنی سامانی
سوریا، مامی ئەسەد بە تۆمەتی چەندین تاوانی کۆمەڵکوژی و بردنی سامانی وڵاتەکەی لە
هەریەکە لە وڵاتانی فەرەنسا و سویسرا فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو ئەویش بە ناچاری ساڵی
٢٠٢١ گەرایەوە سوریا و دوای روخانی رژێمەکەی برازەکەشی نازانرێت چی لێ بەسەر هاتووە.