سەردێڕ:

مامی بەشار ئەسەد دادگایی دەکرێت

PM:08:55:18/12/2024

3312 جار خوێندراوەتەوە

بڕیاربوو رەفعەت ئەسەد، مامی بەشار ئەسەدی سەرۆکی هەڵاتووی سوریا، لە سویسرا دادگەیی بکرێت، بەڵام ئێستا پێشنیاز کراوە لەبەر خراپیی دۆخی تەندروستی، دادگەییەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی سویسرا رایگەیاند، بەهۆی نەخۆشییەوە پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی دادگەییکردنی رەفعەت ئەسەد مامی سەرۆکی پێشووی سوریا بەشار ئەسەد، کراوە و داوایان لە لایەنەکانی کەیسەکە کردووە بۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو.

ئەوەش لەکاتێکتدایە، بڕیار بوو رەفعەت ئەسەد، مامی بەشار ئەسەد، بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵە تاوانێک دادگەیی بکرێت کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی فەرماندەی سوپای سوریا بووە لە ساڵی ١٩٨٢، ئەوکات هێرشی کردە سەر شاری حەما و زیاتر لە ٢٠ رۆژ شارەکەی گەمارۆدا و هەزاران کەسی کوشت کە زۆربەیان سڤیل بوون.

ئەوەشی خستەڕوو، دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە بەهۆی باری تەندروستیی تۆمەتبارەوە، کە لە رووی جەستەییەوە ناتوانێت گەشت بۆ سویسرا بکات و لە رووی دەرونیش ناتوانێت بەشداری گفتوگۆکان بکات، بەرپرسانی دادگە داوایان لە لایەنەکان کردووە بڕیار لەسەر داخستنی دۆسییەکە بدەن.

هەروەها گوتی، دادگە کە باڵاترین دەسەڵاتی تاوانە لە سویسرا، هێشتا بڕیاری لەسەر داخستنی دۆسیەکە نەداوە و چاوەڕێ دەکرێت بۆچوونی هەموو لایەنەکان تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ١٢ وەربگیرێت.

هەروەها، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دۆسییەکە، کە لە ١٢ـی ٥ـی ٢٠٢٤ دەرچوو، پارێزەرەکانی وتیان، ئەسەد هەمیشە نکۆڵی لە هەر تێوەگلانێکی لەو کردەوانەی کردووە کە لەم دۆسیەدا تۆمەتبارکراوە.

هاوکات، نووسینگەی داواکاری گشتی ئاماژەی بەوەکرد، رەفعەت ئەسەد تۆمەتبارە بە دەرکردنی فەرمانی ئەنجامدانی تاوانی کوشتن و ئەشکەنجەدان و مامەڵەی دڕندانە و دەستگیرکردنی نایاسایی لە مانگی دووی ساڵی ١٩٨٢، کاتێک فەرماندەی هێزەکانی کردووە لە شاری حەمای رۆژئاوای سوریا.

ئەوەش لە کاتێکتدا، نووسینگەی داواکاری گشتی، رێکارەکانی دادگاییکردنی رەفعەت ئەسەدی بە تاوانی جەنگ لە مانگی ١٢ـی ٢٠١٣، دەستپێکرد بەپێی بنەمای دەسەڵاتی دادوەری جیهانی و تاوانەکانی جەنگ.













گەلەری