سەردێڕ:

ئیسرائیل: لە هەموو کاتێک زیاتر لە ئاگربەست نزیکین

PM:07:42:17/12/2024

1576 جار خوێندراوەتەوە

شاندێکی ئیسرائیل بۆ گفتوگۆ لەسەر ئاگربەستی غەززە لە قەتەرن، بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانیش چارەکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم ئاگربەستی غەززەیە کە لەسەر پێشنیازی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکایە.


ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردۆتەوە، شاندێکی تەکنیکی ئیسرائیل لە قەتەرن و سەبارەت بە چارەکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم ئاگربەستی غەززە لەگەڵ نێوەندگیرە قەتەرییەکان لە گفتوگۆدان و ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردەوە، لە گفتوگۆکاندا سەرنج لەسەر پڕکردنەوەی کەلێنەکان و لێکنزیکردنەوەی ئیسرائیل و حەماسە لەسەر ئەو پێشنیازەی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا لە ٣١ـی ٣ـی ٢٠٢٤ دا پێشکەشی کرد.

هاوکات، ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، لە مانگی ١١ـی رابردووەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر لە راگەیاندنی ئاگربەست نزیکن و هیوادارم  بەرەوپێشچوونی زیاتر هەبێت و بگەینە ئەنجام.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو،  سەرجەم دامەزراوە ئەمنییەکانم راسپاردووە، پرسی بارمتەکان بکەنە کاری لە پێشینەیان، ئەمە ئەو سیاسەتەیە پشتیوانیی دەکەم، ئامانجمە لەم پرۆسەیەدا بەرەوپێشچوون هەبێت، بەدڵنیاییەوە لەگەڵ گشت ئەوانەی لە پرۆسەکە بەشدارن، هەڵسەنگاندنمان کردووە و دەرفەتێکمان لە پێشدایە، دەبێت حەماس نەرمتر مامەڵە بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەو پێشنیازەی جۆو بایدن بۆئاگربەستی غەززە کردوویەتی لە سێ قۆناغ پێکهاتووە،

لە قۆناغی یەکەم، شەش هەفتە ئاگربەست رادەگەیەنرێت، سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی دانیشتووان و خەڵکی مەدەنی تێدایە بکشێتەوە، ژمارەیەک بارمتە ئازاد بکرێن و هاوکاری مرۆیی زیاتریش بگەیەنرێتە غەززە،

لە قۆناغی دووەمیشدا، هەموو ئەو بارمتانەی ماون، ئازاد بکرێن، سوپای ئیسرائیل بکشێنەوە و ئاگربەستی هەتا هەتایی ڕاگەیەنرێت.

لە قۆناغی سێیەمیش، دەست بە بنیاتنانەوەی غەززە بکرێت.

ئەم بەرەوپێشچوونەش لە کاتێکدایە، حەماس بۆ یەکەمجار بە داواکارییەکی ئیسرائیل ڕازی بووە و سەرەڕای ئاگربەست سوپای ئیسرائیل لە غەززە دەمێنێتەوە.













گەلەری