سەردێڕ:

روسیا؛ گروپی تەحریر شام لە لیستی گروپە توندڕەوەکان دەسڕێتەوە؟

PM:07:06:17/12/2024

1732 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی روسیا، یاسایەک پەسەنددەکات کە دەرگا دەکاتەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاڵیبان و گروپی تەحریری شام.


ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، پەرلەمانی روسیا یاسایەكی پەسەند كرد، كە رێگە بە هەڵپەساردنی بڕیاری قەدەغەكردنی ئەو رێكخراوانە دەدات كە مۆسكۆ وەكو رێكخراوێکی توندڕەو پۆلێنی كردوون، ئەم یاسایە دەرگا دەكاتەوە لەبەردەم ئاساییكرنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان و رەنگە دواتریش لەگەڵ گروپی تەحریر شام لە سوریا.

هاوکات، تا ئێستا هیچ یەكێك لە دەوڵەتەكانی جیهان دان بە حكومەتەكەی تاڵیباندا نانێن كە ساڵی ٢٠٢١ دروستكرا، دوای ٢٠ ساڵ لە هەڵگیرسانی جەنگ و كشانەوەی كتوپڕی هێزە بیانییەكان لە ئەفغانستان بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا، لە ساڵی ٢٠٠٣وە روسیا، بزوتنەوەی تاڵیبانی خستۆتە لیستی رێكخراوە توندڕەوەکانەوە، بەڵام ئەمە رێگر نەبووە لەوەی لەم ساڵانەی دواییدا مۆسكۆ پەیوەندی لەگەڵ تاڵیبان ببەستێت، تا ئەو رادەیی لە چەندین بۆنەدا پێشوازی لە نوێنەری تاڵیبان كردووە.

هاوکات لە ئێستادا، مۆسكۆ وردە وردە پەیوەندی لەگەڵ تاڵیبان گرێ دەدات، مانگی حەوتی ئەمساڵ، سەرۆك ڤلادیمێر پۆتین رایگەیاند، تاڵیبان هاوپەیمانێكە لە شەڕی دژ بە تیرۆردا.

لە لایەکی دیکەوە، دوێنێ رەمەزان قەدیرۆڤ سەرۆك كۆماری چیچان، كە یەكێكە لە دۆستە نزیكەكانی پۆتین، داوایكرد گروپی تەحریر شامی سوریا لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت، كە لەم مانگەدا كۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا.

ئەمەش لە کاتێکتدا، لەشەڕی ناوخۆیی سوریادا، روسیا تا دواین ساتەكانی پشتیوانی مانەوەی بەشار ئەسەدی دەكرد، لەچوارچێوەی ئەم پشتیوانییەدا هەر لەسەرەتاوە  گروپی تەحریر شامی لە لیستی گروپە توندڕەوەکاندا دانا.













گەلەری