سەردێڕ:

گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە دیمەشق دۆزرایەوە

PM:06:26:17/12/2024

2208 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی فریاکەوتنی سوریا رایگەیاند، گۆڕێکى بەکۆمەڵیان لە دەرەوەى دیمەشق دۆزیوەتەوە کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار روفاتى تێدایە و سەرجەمیان لەژێر ئەشکەنجە و لە سەردەمى رژێمى پێشوى بەشار ئەسەد کوژراون.


ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، مەعاز مستەفا سەرۆکى رێکخراوى فریاکەوتنى سوریا رایگەیاند، کە ئەو شوێنەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى لێ دۆزراوەتەوە دەکەوێتە نزیک دیمەشقى پایتەختى سوریا و یەکێکە لەو پێنج گۆڕە بەکۆمەڵەى لەماوەى چەند ساڵى رابردو توانیویانە دەستنیشانى بکەن.

ئاماژەى بەوەشکردەوە، کە گومان دەکەن ژمارەى ئەو جەستانەى لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەى نزیک پایتەختدان ١٠٠ هەزار روفات بن، بەڵام ئەمە ژمارەى کۆتایی نییە و تا ئێستا بە دیاریکراوى نازانن چەند روفاتى تێدایە و رەنگە ئەو ژمارەیە زۆر زیاتریش بێت.

ئەوەشی خستەڕوو،  دڵنیان جگە لەو پێنج گۆڕە بەکۆمەڵەى توانیویانە دەستنیشانى بکەن، گۆڕى بەکۆمەڵى زیاتر لە سوریا هەن و جگە لە هاوڵاتییانى سوریی، گومان دەکرێت روفاتى هاوڵاتیی ئەمەریکى و بەریتانی و بیانى دیکەیشیان تێدا بێت و سەرجەمیشیان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات، لە ئێستادا هاوڵاتییانى سوریا و رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ بەشار ئەسەد سەرۆککۆمارى هەڵاتوى سوریا و حافز ئەسەد، سەرۆککۆمارى پێشوى سوریا بە ئەنجامدانى ئەم کۆمەڵکوژییە تۆمەتبار دەکەن.

ئەمەش لە کاتێکتدا، پێشتر بەشار ئەسەد و حکومەتەکەى بە درێژایی چەند ساڵى رابردوو رەتى کردوەتەوە هیچ کارێکى دژە مرۆڤایەتییان ئەنجامدابێت.













گەلەری