سەردێڕ:

بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لە لوبنان زیاتر لە ٢٠ هاوڵاتی سووری بریندار بوون

PM:01:11:13/12/2024

1212 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی "نەهار"ی لوبنانی رایگەیاند لەئەنجامی وەرگەڕانی پاسێکی نەفەرهەڵگر، زیاتر لە ٢٠ هاوڵاتی کە بە رەگەزنامە سورین برینداربوون لە باکووری لوبنان.


ئەمڕۆ هەینی ١٣ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، رۆژنامەی "نەهار"ی لوبنانی ئەوەشی خستەڕوو، رووداوەکە دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەک سوری بە قاچاخ لە رێگەی یەکێک لە دەروازە نایاساییەکانەوە بەدرێژایی رووباری گەورە لەنێوان سوریا و لوبنان چوونەتە ناو لوبنان.

ئاماژە بەوەش کرا، خاچی سووری لوبنان چارەسەری بریندارەکانی کردووە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی خاتوونی ئاشتی لە قوبایات، لەوێش باری هەندێکیان بە سەختی وەسف کراوە، هەروەها بریندارەکان شۆفێری پاسەکەشی تێدایە کە هاووڵاتییەکی لوبنانییە.

هاوکات، پاسەکە نزیکەی ٣٠ کەسی هەڵگرتبوو، هێزێکی سوپای لوبنان بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان هاتنە شوێنی رووداوەکە و دووپاتیان کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بە سەرپەرشتی دەسەڵاتی دادوەری لێهاتوو دەکرێت بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی گونجاو لە دژی سەرنشینەکان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەم رووداوە لە چوارچێوەی ئەو ئاستەنگ و مەترسییە مرۆییانەدا دێت کە پەیوەندییان بە هەوڵەکانی بەزاندنی سنوورەکانەوە هەیە بە شێوەیەکی نایاسایی، ئەمەش سەرنج دەخاتە سەر پێویستی بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی ئەو کەسانەی کە دەپەڕنەوە و هەروەها کەمکردنەوەی مەترسییە ئەگەرییەکان.













گەلەری