سەرۆكی پێشوتری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یەكێك لە سیناریۆ چاوەڕوانكراوەكان سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆو دابەشبونی سوریایە بۆ سێ پارچە
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، سەلیم جبوری سەرۆكی پێشوتری پەرلەمانی عێراق لەبارەی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سوریا و كۆنتڕۆڵكردنی ئەو وڵاتە لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە باسی لەوە کرد، سوریا بە رووی هەموو ئەگەرەکاندا کراوەیە و یەکێک لە سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئایندەی سوریا لەبەردەم سێ
سیناریۆدایە:
سیناریۆی یەكەم قۆناغی راگوزەرە، كە تیایدا ئۆپۆزسیۆن بەشێوەیەكی باش
مامەڵە لەگەڵ واقیعی سوریا و وڵاتانی هەرێمی بكات و مەترسییەكان بڕەوێنێتەوە لەسەر
ئاستی كۆمەڵگای سوری و نێودەوڵەتیش، بەوەی كە دەتوانێت ئیدارەی دۆخەكەو سەقامگیری
وڵاتەكە بدات بەشێوەیەكی ئاشتیانە، بەجۆرێك پارێزگاری لە بەرژەوەندی گەلی سوریاو
وڵاتان بكات.
سیناریۆی دووەم ئەوەیە، جۆرێك لەململانێی ناوخۆیی روبدات، ئەگەر
ئۆپۆزسیۆن شكستبهێنێت لەم پرسانەی باسمان كردن یان هەندێك لەوڵاتان وایبینن ئەو
دۆخە پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانیانە، ئەوا هەوڵی شكستپێهێنانی ئەو ئەزمونە دەدەن
بەجۆرێك دۆخە لە دەست دەربچێت، بەوەش توندڕەوی و توندوتیژی و ململانێی چەكداریی
ناوخۆیی دروست دەبێت، كە عێراق لەم دۆخەدا پێویستە پارێزگاری لە سەقامگیری و
ئاسایشی خۆی بكات.
سیناریۆی سێیەمیش، هەوڵێكی نێودەوڵەتی هەیە كە بەرەنجامی دۆخی
ناسەقامگیری دەبێت دۆخی پارچەكردنی سوریا روبدات بۆ سێ پارچە، كە بەشێكی لەژێر
دەستی ئۆپۆزسیۆندا دەبێت و، بەشێكی لەژێر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات و بەشی
سێیەمیش لەژێر دەستی گروچی چەكداری تردا دەبێت، هەرلایەكیشیان لەلایەن هەندێك
وڵاتەوە پشتیوانی دەكرێن.