سەرکردەی حەیعەت تەحریر شام، لەرێگەی بەیاننامەیەکی نووسراوەوە کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، نیازی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە رژێمی هەڵاتوو بەشار ئەسەد راگەیاند
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەحمەد شەرا ناسراو بە محمد جولانی، سەرکردەی تەحریر شام رایگەیاند، هەر کەسێک دەستی هەبێت لە ئەشکەنجەدان و کوشتنی گیراوان لە بەندیخانەکانی سوریا، لێبوردن وەرناگرێت، نیازی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە رژێمی هەڵاتوو بەشار ئەسەد دەربڕی.
ئەلجولانی رایگەیاندبوو کە دەسەڵاتدارانی نوێ لە سوریا بەم زووانە "لیستی یەکەمی
ناوی ئەو کەسانە بڵاودەکەنەوە کە تێوەگلاون لە ئەشکەنجەدانی گەلی سوریا”هەروەها
دووپاتی کردەوە کە کۆمسیۆن لە ئێستادا زۆربەی ناوچەکانی سوریای کۆنترۆڵ کردووە، بە
هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کار بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی ئەو شوێنانە
دەکات کە پێدەچێت چەکی کیمیاوی تێدابێت.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) پێشوازی لە لێدوانەکانی محەمەد
جولانی سەبارەت بە چەکی کیمیایی کرد، لە هەمان کاتدا ئەمریکا وریایی خۆی نیشان دا
لە هەڵسەنگاندنی گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی سوریا لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و کۆنترۆڵکردنی
دەسەڵات لەلایەن کوتلە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە بە سەرۆکایەتی حەیعەت تەحریر شام.
جۆن ڤینەر، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەدا کە
واشنتۆن هێشتا بیر لە بژاردەکانی خۆی دەکاتەوە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ
گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا لەم قۆناغە هەستیارەدا.