سەردێڕ:

واشنتۆن: لە ئێستادا هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئێمە بەرامبەر بە “تەحریر شام” نییە

PM:10:24:10/12/2024

1084 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی سپی رایگەیاند کە لە ئێستادا هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر بە حەیعەت تەحریر شام نەکراوە، بەڵام چاودێری جموجۆڵەکانی دەکات، هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە ئەمریکا دان بە حکومەتی داهاتووی سوریادا دەنێت


ئەمڕۆ سێشەممە کۆشکی سپی رایگەیاند، واشنتۆن توانای پەیوەندی لەگەڵ کوتلەکانی سوریای هەیە و ئێمەش بەردەوام دەبین، لای خۆیەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا پشتیوانی لە گواستنەوەی سیاسی لە سوریا دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی لە سوریا دەبێت ببێتە هۆی حوکمڕانییەکی هەمەلایەنە و ناتایفەگەری، وتیشی، سەرکردایەتی نوێ دەبێت پابەند بێت بە رێزگرتن لە مافی کەمینەکان، هەروەها بەڕوونی ئەوەشی خستەڕوو کە گەلی سوریا ئەوانەن کە بڕیار لەسەر ئایندەی سوریا دەدەن و پێویستە ئەو کەڵەکەبووانەی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی لاببرێن و بە سەلامەتی لەناوببرێن.

باسی لەوەشکرد، ئەمریکا دان بە حکومەتی داهاتووی سوریادا دەنێت کە لە ئەنجامی پرۆسەیەکی سیاسی متمانەپێکراوەوە سەرچاوە دەگرێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی سیاسی دەکات.

مایکل میچڵ وتەبێژی ناوچەیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پێشوازی لە رووخانی رژێمی ئەسەد کرد و ئەوەی روویدا بە شتێکی ئەرێنی وەسف کرد.













گەلەری