سەردێڕ:

ناتانیاهۆ: دەمانەوێت پەیوەندی لەگەڵ رژێمی نوێی سوریا دروست بکەین

PM:08:50:10/12/2024

4892 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دایە سەرکردایەتی نوێی رژێمی سوریا کە رێگە بە ئێران نەدەن بۆ چەسپاندنی بوونی خۆی یان گواستنەوەی چەک بۆ حزبوڵای لوبنان، سوێندیشی خوارد کە بە هێز وەڵامی بداتەوە


ئەمڕۆ سێشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە لێدوانێکدا کە میدیا عەرەبییەکان بڵاویان کردەوە رایگەیاند، “دەمانەوێت پەیوەندی لەگەڵ رژێمی نوێی سوریا دروست بکەین”، ئاماژەی بەوەشکرد، “مەبەستمان روونە بۆ رێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک کە لە سوریاوە بێتە ئاراوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر رژێمی نوێی سوریا رێگە بدات ئێران خۆی دابمەزرێنێتەوە یان رێگە بدات بە گواستنەوەی چەک بۆ حیزبوڵا، ئێمە بە زۆر وەڵامی دەدەینەوە وتیشی، رێگە بە هێزی ئاسمانی داوە توانا ستراتیژییەکانی سوپای سوریا بکەنە ئامانج.

پێشتریش رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، سوپای ئیسرائیل لە نێوان ٪٧٠ بۆ ٪٨٠ی توانا سەربازییەکانی رژێمی پێشووی سوریای لەناوبردووە، هەروەها بەشی لەناوبردنی تەواوی توانا ستراتیژییەکانی سوپای سوریای هەبووە.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا دوو رۆژ لەمەوبەر، سوپای ئیسرائیل نزیکەی ٢٥٠ هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی سوریا ئەنجامداوە و "گرنگترین شوێنە سەربازییەکانی لەناوبردووە" لەو وڵاتە.













گەلەری