سەردێڕ:

ئەو لافاو و زریانەی ئەوروپای گرتووەتەوە دەگاتە عێراق؟

PM:12:19:22/07/2021

151172 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی عێراق لەبارەی ئەو لافاو و زریانەی چەند وڵاتێکی ئەوروپای گرتووەتەوە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، ناگاتە عێراق.


عامر جەباری بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسی عێراق رایگەیاندووە، ئەو زریان و لافاوەی وڵاتانی ئەوروپای گرتووەتەوە ناگاتە عێراق و عێراق لێی پارێزراوە، دەشڵێت، ئەو دۆخەی لە ئەوروپادا هەیە سەرئەنجامی ئەو گۆڕانکاریانەی کەش و هەوایە لە ناوچەکەدا و لە عێراق بەهۆی شوێنی جوگرافی و گەرما و ئەو وەرزەشی ئێستا وڵاتەکەی تێدایە، دوور دەبێت لەو زریان و لافاوە.

جەباری پێشبینی ئەوەی کردووە، کە وەرزی زستانی ئەمساڵ باران بەشێوەیەکی مامناوەند بۆ بارانی بەخوڕ بێت و زیاتر لە ناوچە سنورییەکانیشدا چڕ ببێتەوە. بەتایبەت لە ناوچەکانی باکور و خۆرهەڵاتدا.

ئەو روونکردنەوەیەی کەشناسی عێراق لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە باران بەخوڕ و لافاو چەند ناوچەیەکی جیهانی گرتووەتەوە و بەدەر لە وڵاتانی ئەوروپا سەرەتای هەفتەی رابردوو تورکیای هاوسنوری عێراقیش روبەڕوی لافاو بووەوە.

بەهۆی لافاوەکانەوە زیانی زۆر بەر ئەو وڵاتانە کەوتووە و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٢٠٠ کەس و بێسەروشوێن بوونی دەیانی دیکە، سەرەڕای زیانە ماددیەکان و وێنا بوون و ژێرئاوکەوتنی چەندین ناوچە.













گەلەری