سەردێڕ:

چەکدارە بیانییەکان لە سوریا کشاونەتەوە بۆ قائیم

PM:05:59:07/12/2024

2608 جار خوێندراوەتەوە

دوابەدوای ئەو کشانەوەیەی سوپای سوریا لە چەند رۆژی رابردودا، وا دیارە ئێرانیش دەستی کردووە بە کشانەوەی چەکدارەکانی.


ئەمڕۆ شەممە سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی رایگەیاند، چەکدارە بیانییەکانی ناو میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە سووریا کشاونەتەوە، بەڵام هێشتا لە شاری قائیمی سنووری عێراقدان.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەدان چەکداری بیانی لە ئەفغانستان و ئێران و پاکستانەوە کە نوێنەرایەتی میلیشیا ئێرانییەکان و کوتلە عێراقییەکان دەکەن لە سوریا بەرەو خاکی عێراق کشاونەتەوە، تائێستاش لە سنوری شاری قائیم ئامادەن.

سابت محمد عەباسی وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی هێزی سەربازیی رەوانەی سنوورەکانی سوریا کردووە، وتیشی، هێزە ئەمنیەکان ئامادەن بۆ هەر جۆرە دزە پێکردنێک لە سنورەکانی نیوان عێراق و سوریا.

هاوکات سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەژێر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی دۆخی ئێستای ناوخۆی سوریا، دەروازەی سنووریی ئەلقائیمیان پشکنی.

عێراق لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە جارێک لە رێگەی زۆرێک لە بەرپرسەکانییەوە پشتڕاستی کردەوە کە سنوورەکان پارێزراون و کۆنترۆڵکراون و هیچ کام لە هێزەکانی لە ئێستادا بەرەو سوریا ناچن.

ئەم رێوشوێنە توندانە بۆ رێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ٢٠١٤ و دزەکردنی گروپە چەکدارەکان بۆ ناو عێراق.













گەلەری