سەردێڕ:

چەند ئامۆژگارییەکی گرنگ بۆ باشترکردنی تەندروستی چاو

PM:06:05:02/12/2024

2412 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێکی چاو ئاماژە بەوە دەکات کە نابێت تەندروستی چاو پشتگوێ بخرێت، بەتایبەتی لە سەردەمی تەکنەلۆجیادا کە زۆر کەس لە بەردەم شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایلە زیرەکەکاندا چەند کاتژمێرێکی زۆر بەسەر دەبەن.


ئینا ڤاریڤۆدا پزیشکی چاو، باس لەوە دەکات کە خۆراک دەتوانێت تەندروستی چاوەکان بپارێزێت ئەو دەڵێت "ترشە چەورییەکانی ئۆمیگا ٣، لوتین، زینک و ڤیتامینەکانیAوCوEدەتوانن یارمەتیدەر بن لە ڕێگریکردن لە کێشەکانی وەک تێکچوونی چاو، ئاوی سپی چاو، بینینی نێوان ڕووناکی و تێکچوونی تێگەیشتن لە ڕووناکی"

جگە لەوەش خۆراکی هاوسەنگ یارمەتی پاراستنی کێشەکانی تەندروستی دەکات، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی و نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو کەمدەکاتەوە، کە هۆکاری سەرەکی کوێربوونە لە کەسانی پێگەیشتوودا، خووی خراپ، وەک جگەرەکێشان، ئەگەری تووشبوون بە ئاوی سپی چاو و تێکچوونی دەماری بینین و چەندین کێشەی تەندروستی دیکە زیاد دەکات.

ئەو پزیشکە ئاماژە بەوە دەکات کە چاویلکەی خۆر یارمەتی پاراستنی چاو دەدات لە تیشکی سەروو بنەوشەیی، کە بەرکەوتنی زۆر بەو تیشکە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە تەندروستی چاو.

سەیرکردنی شاشەی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی گرژبوونی چاو، کێشەی تەرکیزکردن لە دوورەوە، نیشانەکانی وشکبوونەوەی چاو، جگە لە ئازار لە سەر و پشت و شان.

بۆ دوورکەوتنەوە لە دەرئەنجامە نەرێنییەکان، پزیشکەکە پێشنیاری کڕینی چاویلکەی تایبەت دەکات بۆ کارکردن لەسەر کۆمپیوتەر، هەروەها باس لەوە دەکات دەبێت دوور بێت لە شاشەی کۆمپیوتەرەکەوە، هەر ٢٠ خولەک جارێکیش پشوو بدرێت بە چاوەکان.

شێدارکردنەوەی چاو، بە بەکارهێنانی قەترەی تایبەت بە چاو زۆر گرنگە بۆ تەندروستی چاوەکان، یارمەتی پاراستنی ئاستی شێی چاوەکانت دەدات و پاڵپشتی کارکردنیان دەکات.

پێویستە ساڵانە دوو جار پشکنینی بینین بکرێت تەنانەت لە کاتی نەبوونی هیچ کێشەیەکیشدا، بۆ ئەوەی چاودێری تەندروستی چاوەکان بکرێت.













گەلەری