شەوی ٥ـی ئایاری ئەمساڵ ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە سەدان دوکان سووتن و زیاتر لە ١٠ کەسیش بریندار بوون. پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، کەسێک بەتۆمەتی سووتاندنی بازاڕی قەیسەری هەولێر دەستگیر كراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری هەولێر خێراتر کراوە، ئەوە بە ئامانجی ئەوەی کاسبکاران هەرچی زووە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
باسی لەوەش کرد، کەسێکیان بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕەکە
دەستگیر کردووە و دەست دەکەن بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسەدا، دوای تەواوبوونی پڕۆسەکەش
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی دەخەنە روو.
شەوی ٥ـی ئایار، بۆ دووەم جار لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە، ئاگرێکی
گەورە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە و دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر لەلایەن تیمەکانی
بەرگری شارستانییەوە، ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا.
بە وتەی پارێزگاری هەولێریش، بەهۆی ئاگرەکەوە ٢٢٧ دوکان
و حەوت کۆگا سووتان و زیانیان بەرکەوت. وتیشی، لە رووداوەکەدا ١٥ کەس بریندار بوون
و رەوانەی نەخۆشخانە کران بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
دواتریش لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، وەزارەتی کارەبای
حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووداوە نەخوازراوەکان سەردانی
بازاڕی قەیسەری کردووە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە هۆکاری
ئاگرەکە شۆرتی کارەبا نەبووە.