سەردێڕ:

لە ناو رەوتی سەدرەوە زانیاری لەسەر سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق ئاشکرادەکرێت

PM:05:31:19/10/2021

34944 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی رەوتی سەدر رایگەیاند، بەم نزیکانە موقتەدا سەدر و عەمار حەکیم بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق کۆدەبنەوە، دەشڵێت، "دەمانەوێت سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق رەزامەندی پارتە سیاسییەکان و خەڵکیشی لەسەر بێت."


عیسام حسێن ئەندامی رەوتی سەدڕ بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، چەند لێکتێگەیشتنێک هەیه لە نێوان موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر و عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی و چەند لایەنێکی دیکەی سیاسی بە مەبەستی خۆئامادەکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رەوتی حیکمە لەگەڵ ئەو لایەنانەدا کۆبوونەوەی کردووە کە بایکۆتی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان کردووە، بەڵام ئەمە واتای ئەوەی نییه کە هیچ بەژدارییەک نەکەن لە ململانێی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.

عیسام حسێن باسی لەوەشکردووە، رەوتی سەدر لە بەشێک لە ئەندام پەرلەمانە سەربەخۆکان نزیکە و پێیانوایە لە نێو هۆڵی پەرلەماندا دەنگ بە کاندیدانی رەوتەکە دەدەن.

راشیگەیاندووە، "دەمانەوێت ئەو کاندیدەی دیاریدەکەین بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلایەن سەرجەم پارتە سیاسییەکانەوە رەزامەندی لەسەر بدرێت، بە تایبەت لەلایەن خەڵکەوە."

لە رۆژی ١٠ی مانگدا هەڵبژاردن بەڕێوەچوو و تیایدا رەوتی سەدر توانی ٧٣ کورسی بەدەستبهێنێت و ببێتە خاوەنی زۆرترین کورسی لە پەرلەمانی عێراق و لە ئێستاشدا سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.













گەلەری