سەردێڕ:

بریندارێکی تری شەڕەکەی هەریر گیانی لەدەستدا

PM:03:32:15/10/2021

8620 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی شەقڵاوە رایگەیاند، دوای چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، بریندارێکی دیکەی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەکەی هەریر گیانی لەدەستدا.


ئەمڕۆ هەینی، محەمەد ئامۆکەیی بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی شەقڵاوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بریندارێکی دیکەی شەڕەکەی نێوان دوو بنەماڵە لە هەریر، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی "عبدالستار"ە و پیشەی پۆلیس بووە، دوای سەرهەڵدانی گرژییەکان بەمەبەستی راگرتنی ئەمنییەتی شارەکە چوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام لە ئەنجامی تەقەی دوو بنەماڵەکە بریندار دەبێت و ئەمڕۆش بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

هاوکات، کاروان کەریم خان بەڕێوەبەری ناحییەی هەریر بۆ ئێن ئاڕ تی ئەوەی پشتڕاستکردەوە، کە ئەو بریندارە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە پاش چەند رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، پۆلیسەکە جگە لەژن و منداڵ، ھیچ کام لە خوشک و برا و دایک و باوکی نیە. 

بەوەش، تا ئێستا دوو پۆلیس لە ئەنجامی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەکەی هەریرەوە گیانیان لەدەستداوە و هێشتاش، کەسێکی دیکە کە بەهۆی شەڕەکەوە برینداربووە لە نەخۆشخانەیە و چارەسەری پێویست وەردەگرێت.

رۆژی ٣٠ی مانگی رابردوو، لە نێو بازاڕی ناحیەی هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر شەڕەتەقە دروستبوو و دواتریش، کاروان کەریم خان بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کەسێک لەناو بازاڕی هەریر دەسترێژی گوللـەی کردووە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندار بووە، دواتریش جارێکی دیکە شەڕەتەقە دروستبووەوە و بەهۆیەوە کەسێکی دیکە کوژرا، دواتریش هێرشکرایە سەر ماڵی بکوژەکان و ماڵەکەیان سوتێنرا و دواتر لە هەریر برانە دەرەوە.

بەپێى ئامارى پۆلیسى هەولێریش، لە ماوەى هەشت مانگى رابردوودا لە سنورى هەولێر ٤٥ کەس بە دەستڕێژى گوللـە کوژراون و چەندانى تریش برینداربوون.

 

ئومێد چۆمانی- هەولێر













گەلەری