سەردێڕ:

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە

PM:10:41:26/04/2024

2880 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لەپێناو سەلامەتی گیانی خۆیان و خێزانەکانیان، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن خۆیان بەدوور بگرن لە مەلەکردن لە دەریاچەی دوکان کە بەهۆیەوە ساڵانە چەندین حاڵەتی خنکانی لێ دەکەوێتەوە.


ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن لەکاتی سەردانیکردنی هاوینە هەواری دوکان بە مەبەستی گەشت و سەیران خۆیان بەدوور بگرن لە مەلەکردن لەناو ئاوەکەدا.

ئاماژە بەوەش کراوە، ساڵانە بەهۆی مەلەکردنەوە لە دەریاچەی دوکان چەندین حاڵەتی خنکان روو دەدات هەربۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان لەو ئاوەدا مەلە نەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەشتیارێکی بە رەگەز عەرەب لە دەریاچەی دوکاندا لەکاتی مەلەکردندا خنکا و لەدوای رووداوەکەش تیمی مەلەوانی دوکان و پۆلیس چوونە شوێنی رووداوەکە و دەستیان کرد بە گەڕان بەشوێن تەرمی ئەو کەسەدا.

ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی بەهار هاوڵاتیان بە مەبەستی سەیران و بەسەربردنی کاتەکانیان روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێم دەکەن بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە دەریاچەکانیان لێوە نزیکە.













گەلەری