سەردێڕ:

عێراق؛ لەمساڵدا ١٠ هەزار قوتابخانە دروست دەکرێن

PM:04:43:25/04/2024

884 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پلانیان هەیە ١٠ هەزار قوتابخانە بە نوێترین شێوە و بە تەکنەلۆجیای نوێ لە سەرجەم پارێزگاکاندا دروست بکەن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەلید حەلی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، لە پلانی ستراتیجی ئەمساڵیاندا هەوڵدەدەن ١٠ هەزار قوتابخانە لە سەرجەم پارێزگاکاندا دروست بکەن.

باسی لەوەش کرد، لە لێکۆڵینەوەکانیاندا بۆیان دەرکەوتووە بەشێک لە قوتابخانەکان بەپێی ستاندارد نین و کۆن بوون بۆیە بڕیاریان داوە بەپێی تەکنەلۆجیای نوێ و بەشێوەی سەردەمیانە دووبارە نۆژەنیان بکەنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق سورە لە جێبەجێکردنی تەواوی پلانی دروستکردنی قوتابخانەکان و نوێکردنەوەی قوتابخانە کۆنەکان لەپێناو باشترکردنی پرۆسەی خوێندن لە عێراق.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ساڵی ٢٠٢٤ـی بە ساڵی تەواوکردنی پرۆژە تەواونەکراوەکان ناوبرد و باسی لەوەکرد، ئامانجی ئەمساڵیان ئەوەیە زۆرترین پرۆژە تەواوبکەن.













گەلەری