سەردێڕ:

بەرگری شارستانی: هۆکاری ئاگرەکەی بازاڕی شێخەڵا شۆرتی کارەبا بووە

PM:11:33:24/04/2024

1768 جار خوێندراوەتەوە

بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردوو دوو رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر روویدا، لە دوای لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوتووە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی یەکەم بەهۆی سوتانی ماتۆڕی موبەریدەیەک بووە لەسەربانی دوکانێک و رووداوی دووەمیش بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، شەوی رابردوو لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر دوو رووداوی ئاگرکەوتنەوە کەوتەوە و زیانی ماددی بەر دوکانەکانی بازاڕەکە گەیاند.

ئاماژە بەوەش کراوە، دوای لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوت کە هۆکاری یەکێک رووداوی ئاگرەکان ماتۆڕی موبەریدەیەک بووە لەسەربانی دوکانێک.

ئەوەش خراوەتە روو، بەپێی گرتەی کامێرای چاودێری، هۆکاری رووداوی ئاگری دووەم بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.

شەوی رابردوو، لەماوەی سێ کاتژمێردا دوو رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی شێخەڵا لەهەولێر کەوتەوە و لە رووداوی یەکەمدا دوو دوکان و سێ مێزی کاسبکاران سوتان و لە رووداوی دووەمیشدا زیاتر لە ٣٠ دوکان و مێز لە بەردەم بازاری نیشتیمان زیانیان بەرکەوت.

لە ماوەی رابردوودا، چەند رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە روویاندا و هاوڵاتیانیش باس لەوە دەکەن، نەبوونی مەرجی سەلامەتی وایکردووە زیاتر ئاگرکەوتنەوە رووبدات و ئەوەی روودەدات بەرپرسیاری سەرەتا و کۆتایی حکومەتە، چونکە ئەوە هەر حکومەت مۆڵەت دەدەن بەو شوێنانەی مەرجی سەلامەتیان تێدا نییە.

هاوکات، دەرکەوتووە بەشێک لە هۆکارەکانی تەشەنەسەندنی ئاگرەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەشارێکی وەک هەولێر کەدانیشتووانەکەی زیاترە لەیەک ملیۆن کەس و لە ١٥٣ گەڕەک پێکهاتووە، بەڵام تەنیا ١٠ بنکەی ئاگرکوژێنەوەی لێیە، کە بنکەیەکیان تایبەتە بە فڕۆکەخانە، ئەوەش وایکردووە، تیمەکانی بەرگری شارستانی درەنگ بگەنە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان.
هەڵگورد عومەر













گەلەری