سەردێڕ:

ئامانجێکی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق کردنەوەی دەروازەیەکە لەنێوان هەردوو وڵات

PM:06:36:20/04/2024

2352 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بەغدا، گفتوگۆ کردنە لەبارەی کردنەوەی دەروازەیەکی نێودەوڵەتی نوێ لە نێوان خاکی تورکیا و عێراق. هەروەها باڵیۆزی عێراق لە تورکیا باسی لەوە کرد، رێککەوتنێک لە نێوان عیراق و تورکیادا واژۆ دەکرێت کە پرسی دەستپێکردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمیش لەخۆدەگرێت.


ئەمڕۆ شەممە، عومەر بۆڵات وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، عێراق هەمیشە یەکێک بووە لە گرنگترین وڵاتەکان بۆ تورکیا لەڕووی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا گەیشتە ٢٤ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار و هەروەها ساڵی رابردووش قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات ١٩ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار بوو.

ئەوەشی خستە روو، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەرۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بەغدا، گفتوگۆ کردنە لەبارەی کردنەوەی دەروازەیەکی نێودەوڵەتی نوێ لە نێوان خاکی تورکیا و عێراق.

لای خۆشیەوە، ماجید لجماوی باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە رایگەیاند، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات.

وتیشی، لە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیادا، رێککەوتنێکی ستراتیژی واژۆ دەکرێت کە تایبەت دەبێت بە بوارەکانی ئابووری، ئەمنی، گەشەپێدان، ئاو و وزە، هەروەها دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمیش لەخۆدەگرێت.













گەلەری