سەردێڕ:

دوای مانگێک لە بێسەروشوێنبوونی؛ تەرمی مێردمنداڵێک لە بەنداوی موسڵدا دۆزرایەوە

PM:02:42:20/04/2024

5092 جار خوێندراوەتەوە

دوای مانگێک لە بێسەروشوێنبوونی، تەرمی مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵ لە بەنداوی موسڵدا دۆزرایەوە.


ئەو مێردمنداڵە لە ٢٠ی مانگی رابردوودا لە ناحیەی خانکێی سەر بە قەزای سیمێڵ بێسەروشووێن بووبوو، کە گوماندەکرا لە لافاوەکەی مانگی رابردووی دهۆکدا و بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی موسڵەوە بێسەروشوێن بووبێت.

پاش مانگێک لە گەڕان بە دوایدا، کە کەسوکارەکەی هاوشانی تیمەکان بەردەوام بوون لە گەڕان، ئەمڕۆ تەرمەکەی لە بەنداوی موسڵدا دۆزرایەوە.

ئەو مێردمنداڵە ناوی رۆڤان ئیدریس بووە و تەمەنی ١٤ ساڵ بووە. پاش دۆزینەوەی لە بەنداوەکەدا بە جلوبەرگەکەیدا ناسراوەتەوە.

مانگی رابردوو شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ رووی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم کرد و بەهۆیەوە لە هەولێر و دهۆک لافاو دروستبوو و جگە لە زیانی ماددی زیانی گیانیشی لێکەوتەوە و لە دهۆک سێ کەس گیانیان لەدەستدا.

تائیف گۆران، دهۆک













گەلەری