سەردێڕ:

عەلی عەلاق: لیژنەیەک بۆ چاکسازی لە سیستەمی ئەلیکترۆنی مامەڵەداراییەکان پێکدەهێنین

عەلی عەلاق - پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق
PM:11:16:18/04/2024

948 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی چاکسازی و پێداچوونەوە بە سزای سەر بانکە سزادراوەکاندا لیژنەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێکهێناوە. دەشڵێت، " گۆڕانکاری لە سیستەمی دارایی عێراقدا دەکەین و بە تەواوی دەیکەینە سیستەمی بانکی و ئەلیکترۆنی کە دەبێتە پاڵپشتی ئابووری و ژێرخانی بانکەکانی عێراق".


ئەمرۆ پێنجشەممە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە میانەی کۆبوونەوەیان لەسەر پرسی ئابووری و بانکەکانی عێراق بە بەشداری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی داراییدا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی نوێ.

ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتنەکە هاوکار دەبێت لە گۆڕانکاریکردن لە سیستەمی داراییدا و لە ئێستاشدا ٢٠٪ـی سەرجەم مامەڵەداراییەکان کراون بە ئەلیکترۆنی و رێژەی گەشەی بانکەکانیش خێراتربووە، هەوڵیش دەدەن لە رێگای لیژنەیەکی تایبەتەوە سەرجەم مامەڵەناوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق بگۆڕن بۆ ئەلیکترۆنی.

باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا لیژنەیەکیان بۆ تاوتوێکردن و دەستکاریکردنی سزای سەربانکە سزادراوەکان پێکهێناوە و بەگوێرەی راپۆرتی ئەو لیژنەیە بڕیاری کۆتایی لەبارەی هەموو بانکە سزادراوەکانەوە دەدەن. وتیشی، " بانکی ناوەندی هەمیشە لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی هەوڵی گۆڕانکاری دەدەن لە سیستەمی ئابووری عێراقدا و هەنگاوەکانیش بەزووترین کات دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە".

هاوکات، ئەندامێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکەی بانکی ناوەندیی عێراق و جەی پی مۆرگان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر هەڵگرتنی سزای سەر پێنج بانکی عێراق گەیشتوونەتە رێککەوتن و دەتوانن لەمەودوا مامەڵەی حەواڵەی دەرەکی بۆ بازرگانانی ناوخۆیی و دەرەکی ئەنجام بدەن. دەشڵێت،" ئەو پێنج بانکە پێشتر بە رێژەیەکی دیاریکراو لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزا درابوون نەوەک بەتەواوی".

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە بانکە سزادراوەکان بۆ کەمکردنەوەی سزاکان لەسەریان بە مەبەستی فراوانکردنی ئاستی بازرگانی ناوخۆی و دەرەکی لە گفتوگۆدان. وتیشی، " دۆلار و هیچ دراوێکی دیکە نادرێتە هیچ بانک و بازرگانێک، ئەگەر نەزانرێت بۆچیەتی و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت لە سیستەمی سویفتدا خۆیان تۆماربکەن بە پێچەوانەوە مافی مامەڵەکردنیان بە دۆلار نامێنێت".













گەلەری