سەردێڕ:

زانیاری لەبارەی ئەو پەتایەی لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە

PM:08:47:17/04/2024

3024 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێکی پسپۆڕی هەناوی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی گۆڕانی وەرز و کەشوهەواوە لەم چەند رۆژەدا تووشبوون بە پەتا لەناو خەڵکیدا زیاتر بووە ئەو پەتایانەش هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا بڵاو دەبنەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوژین فازڵ پزیشکی پسپۆڕی هەناوی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا دوو جۆر پەتا لەناو خەڵکیدا بڵاو بوونەتەوە و ئەو پاتایانە بریتین لە هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە کە قوڕگ و لووت دەگرێتە و جۆرێکی دیکەش پەتای هەوکردنی ریخۆڵەکانە کە دەبێتە هۆی سکچوون و رشانەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەم چەند رۆژەدا تووشبوون بەو پەتایانە لەناو خەڵکیدا زیاتر بووە ئەو پەتایانەش هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا بڵاو دەبنەوە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی وەرز و کەشوهەوا، هەروەها تێکەڵبوون و قەرەباڵغی دەبێتە هۆی گواستنەوەی پەتاکە بە خێرایی.

ئەوەشی خستە روو، جۆری پەتای هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە زیاتر بڵاوبووەتەوە و کاریگەرییەکانی ئەو پەتایە کەسی تووشبوو هەست بە ماندوێتی و بێتاقەتی دەکات و هەست بە خوران و برین لە قوڕگیدا دەکات و لووتی ئاو دەکات و تووشی سەرئێشە دەبێت.

باسی لەوەش کرد، ئەگەر کەسی تووشبوو لەگەڵ پەتاکەدا تای هەبوو و زیاتر ماندوو بوو و هەروەها ئارەزووی خواردنی لەدەستدا ئەوە تووشی ئەنفلوەنزا بووە.













گەلەری