سەردێڕ:

گوڵاڵەسورە و هێلکەی رەنگاورەنگ هێمای سەری ساڵی ئێزدییەکان؛ چوارشەممەی سور چییە؟

PM:12:12:17/04/2024

3480 جار خوێندراوەتەوە

ئێزدی یەکێکە لە ئایینەکانی کوردستان و ئێزدییەکانیش خۆیان بە کوردی رەسەن دەناسێنن. خاوەنی رێسا و نەریتی تایبەت بە خۆیانن و زۆربەیان لە باشوری کوردستان، لە دەڤەرەکانی شێخان و شنگال دەژین. ھەروەھا لە بۆتان، دەربێسیە، باکوری پارێزگای حەسەکە، عەفرین لە حەلەب، ئەلەگەزی ئەرمەنستان، پارێزگای قەرس و ئەردێخانی باکوری رۆژھەڵاتی تورکیاشدا دەژین.


ئێزدییەکان زمانی قسەکردنیان بە شێوەی کوردی کرمانجییە و پەیڕەوی رۆژمێری خۆرهەڵاتی دەکەن بۆ سەری‌ ساڵی خۆیان پشت بەو رۆژمێرە دەبەستن، كە لەلایەن كەنیسەی‌ ئەرسەدۆكسی ‌‌و خۆرهەڵاتەوە پەیڕەودەكرێت ‌و ١٣ رۆژی‌ لەگەڵ‌ رۆژژمێری‌ زایینیدا جیاوازە.

چوارشەممەی سور (جەژنی سەری ساڵ)ی ئێزدییەکان:

جەژنی سەری ساڵ کە پێشی دەڵێن چوارشەممەی سوری ئێزدییەكان یەكێكە لە جەژن‌ هەرە كۆنەكانی شوێنكەوتووانی ئاینی ئێزدی، هەموو ساڵێك لە سێیه‌م چوارشەممەی مانگی نیسان یادی دەکەنەوە.

مانگی نیسان بە مانگی ئێزدییەکان دادەنرێت چونکە بەپێی بیروباوەڕی پەیڕەوانی ئەو ئایینە، "مانگی نیسان مانگێكی پیرۆزی بەهارە و بەبوكی ساڵ دادەنرێت. سیمبولی ئاوەدانی ‌و نوێبوونەوەیە."

بەپێی سەرچاوەکان هۆکاری ئەوەی جەژنی سەری ساڵیان لە سێیەم چوارشەممەی ئەو مانگەدایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، "لەو کاتەدا مەلەک تاوس هاتووەتە سەر زەوی‌."

دوو بیروباوەڕ بوونیان هەیە

بەپێی باوەڕی ئێزدییەکان، "لە سێیەم چوارشەممەی مانگی نیساندا جیهانی بەستوو دەتوێتەوە و ئەفراندن دروست دەبێت و شێوەی هێلکە وەردەگرێت و خۆر زەوی رووناک و ئاوەدان دەکاتەوە، ئەم بۆچوونەیان تێكەڵی رووداوە سروشتیەكان بووە." بە لێكدانەوەیەكی دیكەی ئایینیش، "چوارشەممە كۆتا رۆژی دروستكردنی گەردوونە." کە سەرجەمی ئەمانە بیروباوەڕی پەیڕەوانی چەند ئایینێکی جیاوازن و لە جیهاندا سەرجەم ئایینەکان تێڕوانینی جیاوازیان بۆ سروشت و گەردوون هەیە.

لە جەژنی چوارشەممەی سوردا ئێزدییەکان چی دەکەن؟

لە جەژنی چوارشەممەی سوردا، ئێزدییەکان رۆژەکەیان بە کوڵاندنی هێلکە دەستپێدەکەن لەگەڵ گیای تاڵیشکدا، کە گیایەکی بەهارەی تاڵە و لە زۆر ناوچەی دیکەی کوردستانیش بە تێکەڵکردن لەگەڵ خواردنی دیکەدا ئامادە دەکرێت و دەخورێت. ئێزدییەکان تاڵیشک لەگەڵ کوڵاندنی هێلکەدا بۆ ئەوە بەکاردەهێنن هێلکەکان نەشکێن و توێکڵەکەیان بە پتەوی بمێنێتەوە.

بۆچی هێلکە دەکوڵینن و رەنگی دەکەن؟

لەپاش کوڵاندنی هێلکەکان، بە ٧ رەنگی جیاواز رەنگیان دەکەن. بیروباوەڕی کوڵاندنی هێلکە و رەنگکردنەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، لە سێیەم چوارشەممەی مانگی نیساندا، دروستبوونی گەردوون بەکۆتا هاتووە و هێلکە بە گەردوون دەچوێنن، هێلکەکەش بۆ ئەوە دەکوڵێنن کە دۆخە شلییەکەی نەمێنێت و جێگیر ببێت، زەردێنەکەی ناویشی بە خۆر ناودەبەن و چواردەورەکەی بە گەردوون.

دواتر هێلکەکان رەنگ دەکەن بەو مانایەی کە گەردوون رەنگاورەنگە و لە چەندین رەنگی جیاواز پێکدێت.

دواتر توێکڵی هێلکەکان دەخەنە ناو دەغڵ و دانەکانیانەوە بەو هیوایەی بەرەکەت بکەوێتە بەرهەمی ساڵەکەیان و خاکیان بە پیت بێت و بەرهەمیان زۆر بێت.

گوڵاڵەسورە

لای ئێزدییەکان ئەو باوەڕە هەیە کە دەوترێت کە سەرەتا زەوی، پاشان ئاو، هەوا، سەوزایی، ئاژەڵ و دواجار مرۆڤ دروست دەبێت، ئەو گوڵاڵەسورانەی کە لە مانگی نیساندا لە خاکدا گەشە دەکەن، نیشانەی ئەو خوێنەیە کە دەڕوات بۆ جەستەی مرۆڤ و هەموو شتە زیندووەکان.

هەر لەو رۆژەدا گەنجان دەچنە دەشتودەر و گوڵاڵەسورە لە یەخە و سەری یەکتر دەدەن، ئەوەش وەک نەریتێک لە باوباپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە.

هەروەها، لەسەر پارچەیەکی قوڕ، گوڵاڵەسورە و توێکڵی هێلکە رەنگاورەنگەکان جێگیر دەکەن و بە بەردەرگای ماڵەکانیاندا هەڵیدەواسن، بەو هیوایەی رسقیان زیاد ببێت و خێر و ئاشتی روویان تێبکات.
No description available.

پەرستگای لالش

ئێزدییەکان پەرستگایەکی تایبەت بە خۆیان هەیە بە ناوی لالش یاخود لالەش. لالش پەرستگای ئایینی كوردە ئێزدیەكانە و یەکێکیشە لە پەرستگا ئایینیەکانی جیهان، لە ناو دۆڵێكی نیمچە سەختدایە بە دووری ١٢ کیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای ناوەندی قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆك.

لالش وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن، "بە پیرۆزترین پەرستگای كوردە ئێزدییەکان دادەنرێت"، ساڵانە لە جەژنەکانیاندا ئیزدییەكانی دەرەوەی هەرێمیش دێن سەردانی دەكەن و بەشداری جەژنەكەیان دەكەن.

ژن لە لای ئێزدییەکان و لالش پێگەی تایبەتی هەیە و لە رۆژی جەژندا کە ئەنجومەنی روناهی پێشوازی لێدەکات لە ژن پێکدێن، ئەمەش نیشانەی پیرۆزی ژنانە لای ئێزدییەکان و لە مێژووی ئێزدیدا ئەم پیرۆزییە پارێزراوە، ژنان دەچنە ناو ناوچەی پیرۆزەوە.

ساڵانە سەدان گەشتیار و پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی گەشت بۆ لالش دەكەن. بەدەر لەوەش زۆرجار گەشتیاران و گەشتیارانی بیانیش بۆ بینین و شارەزابوون لە داب و نەریتی ئێزدییەكان گەشت بۆ ئەو پەررستگایە دەكەن.

بەدەر لەوەش لە پەرستگاکەدا بە ئاوی تایبەت کەسەکانیان پیرۆز دەکەن بەتایبەت ئەو گەنجانەی لەدەستی چەکدارانی داعش رزگاریان بووە.

هـ.ئـ

No description available.No description available.












گەلەری