سەردێڕ:

دژی گرانبوونی نرخی بەنزین؛ لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی سلێمانی گردبوونەوە ئەنجامدرا

AM:10:07:14/10/2021

11980 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێکی کەم بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، نرخی بەنزین لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووە و لە هەندێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمیش شۆفێرانی تەکسی و مینی پاس گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تی لە شارەکانی سلێمانی، رانیە، قەڵادزێ، کۆیە و کەلار رایانگەیاند، "دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەشێک لە شۆفێران و لەنێویشیاندا شؤفێرانی تەکسی و مینی پاس گردبوونەوە و ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، لە زۆربەی بەنزینخانەکانی شاری سلێمانی نرخی بەنزین لەجۆرەکانی "سوپەر و موحەسەن" بەشێوەیەکی بەرچاو و بۆ هەر یەکێکیان زیاتر لە ٧٥ دینار بەرزبووەتەوە.

هاوکات، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە راپەڕین رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە لەدوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو لە شار و شارۆچکەکانی سەر بە ئیدارەی راپەڕین بەرزبووەتەوە و بۆ هەر لیترێکیش لە گشت جۆرەکانی بەنزین، بڕی ٨٠ دینار نرخەکەی بەرزبووەتەوە.

لەبارەی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە شاری سلێمانی، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە سلێمانی رایگەیاند، "هۆکارەکەی بۆ دانانی باج لەسەر سوتەمەنی لە دەروازە سنوورییەکان و سەرانە وەرگرتن و قۆرخکاری لە سێکتەری سوتەمەنیدا، هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینن".

پێشتریش، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، پێشنیازی چەند رێکارێکیان کردووە، بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین لەوانەش، نەهێشتنی قۆرخکاری، دانان و دیاریکردنی نرخ، دیاریکردنی قازانجی کۆمپانیاکان، پێدانی دەسەڵات بە پارێزگاکان و لادانی کۆمپانیا مشەخۆرەکان.

ناوەڕاستی مانگی رابردووش، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی عێراق بڕیاری رەوانەکردنی بڕی پێویستی رۆژانەی بەنزینی بۆ هەرێم دەرکرد و دواتریش گەشتە شارەکانی هەرێم، ئەمەش کاریگەری لەسەر دابەزاندنی نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو هەبوو.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی چەند مانگێکە نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەرێمی کوردستاندا بەرزبووەتەوە و هاوردەکردنی بەنزین باجی زۆری خراوەتەسەر.


نـ، غـ















گەلەری