سەردێڕ:

دوای گۆڕانکارییەکانی کۆمسیۆن؛ دەنگەکانی نەوەی نوێ چی لێهات؟

AM:11:22:13/10/2021

59036 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی جیاکردنەوەی دەستی بەشێک لە دەنگەکانی راگەیاند، چەند گۆڕانکارییەک روویدا و یەکێک لە گۆڕانکارییە دیارەکان زیادبوونی بەرچاوی دەنگەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوو.


درەنگانێکی شەوی رابردوو، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکانی راگەیاند، دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان دەرکەوت نەوەی نوێ وەک چۆن لە دەنگە ئەلکترۆنییەکاندا بەرزبوو و دەنگێکی بەرچاوی بەدەستهێنابوو لەمجارەشدا جوڵانەوەکە دەنگەکانی زیادیکرد و بووە ٣٤ هەزار و ٤٨٢ دەنگ.

رێبوار ئەوڕەحمان کاندیدی نەوەی نوێ لە بازنەی ١ی سلێمانی ١٢ هەزار و ٢٥٥ دەنگی بەدەستهێنابوو و لە ئێستادا دەنگەکانی بەرزبووەوە بۆ ١٤ هەزار و ٧٠١ دەنگ و بووە دەنگی یەکەمی بازنەکەی.

بەدرییە ئیبراهیم بەرزنجی کاندیدی نەوەی نوێ لە بازنەی ٢ی سلێمانی ١٩ هەزار و ٩٨ دەنگی بەدەستهێنابوو و لە ئێستادا دەنگەکانی بۆ ٢٣ هەزار و ٥٤ دەنگ بەرزبووەوە و بووە دەنگی یەکەمی بازنەکەی.

لە بازنەی ٣ی سلێمانیشدا، ئاریان عەزیز ئەحمەد کاندیدی نەوەی نوێ دەنگەکانی لە ٩ هەزار و ٦٦ دەنگەوە بۆ ١٠ هەزار و ٧٦٦ دەنگ زیادیکردووە.

لە بازنەی ٤ی سلێمانیش، سروە عەبدولواحید توانیویەتی ٢٨ هەزار و ٥٣١ دەنگ بەدەستبهێنێت و بووە دەنگی یەکەمی بازنەکە لە کاتێکدا پێشتر دەنگەکانی ٢٢ هەزار و ٦٣٤ دەنگ بوو.

موەفەق حسێن کاندیدی نەوەی نوی لە بازنەی ٥ی سلێمانی دەنگەکانی بۆ ١٧ هەزار و ٦٣٤ دەنگ بەرزبووەوە و وەک دەنگی یەکەمی بازنەکەی سەرکەوتووە لەکاتێکدا پێشتر ١٤ هەزار و ٥٦٧ دەنگی هێنابوو.

لە بازنەی ٢ی هەولێریش، وەزیرە ئەحمەد کاندیدی نەوەی نوێ بە بەدەستهێنانی ٢٢ هەزار و ٥١١ دەنگ و وەک زۆرترین دەنگی بازنەکەی دەرچووە، لەکاتێکدا پێشتر دەنگەکانی ١٨ هەزار و ٤٥٩ دەنگی هەبوو.

لە بازنەی ٣ی هەولێر، ڤیان عەبدولعەزیز کاندیدی نەوەی نوێ دەنگەکانی بۆ ١٣ هەزار و ٤٨٣ دەنگ بەرزبووەوە لەکاتێکدا پێشتر ١١ هەزار و ٦٣ دەنگی هەبوو.

لە بازنەی ٤ی هەولێر دەنگەکانی محەمەد ئیسماعیل کاندیدی نەوەی نوێ بۆ ٢١ هەزار و ٩٣٧ دەنگ بەرزبووەوە و وەک دەنگی یەکەمی بازنەکە دەرچووە لەکاتێکدا پێشتر ١٧ هەزار و ٩١٣ دەنگی هەبوو.

هاوکات، لە پارێزگای دهۆکیش دەنگەکانی نەوەی نوێ لە بەرزبوونەوەدایە. 

 

لەلایەکی دیکەوە، لیستى بزوتنەوەى درێژکراوەى تشرین سێ کورسى زیادیکرد و بەمەش ژمارەی کورسییەکانی بۆ ١٢ کورسى بەرزبووەوە.

هاوکات، رەوتى سەدر، کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییە لەسەر ئاستی عێراق دوو کورسی لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی کورسییەکانی لە ٧٣ کورسییەوە بۆ ٧١ کورسى دابەزیوە.

پێشتر، جەلیل عەدنان سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوای یەکلاکردنەوەی تانەکان رادەگەیەنرێت.

لەلایەن خۆشییەوە، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی وادەی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە ئاماژەی بەوەدا، دوای ٢٠ رۆژی دیکە رادەگەیەنرێت.













گەلەری