سەردێڕ:

پاش سوتانی؛ دوکاندارانی لەنگەی هەولێر لەسەر خەرجیی خۆیان دوکانەکانیان نۆژەن دەکەنەوە

PM:02:07:28/03/2024

1100 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی ٣٠ رۆژ بەسەر ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر و چەند بەڵێنێکی حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە، دوکاندارانی بازاڕی لەنگە لەسەر ئەرکی خۆیان سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکەن. دەشڵێن، "بەهۆی بێئومێد بوونیان لە بەڵێنەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر، لەسەر ئەرکی خۆیان بازاڕەکە نۆژەن دەکەنەوە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشێک لە دوکاندارانی بازاڕی لەنگەی هەولێر بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە، لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە هیچ قەرەبوویەک نەکراونەتەوە.

ئاماژەیان بەوەش کرد، دوای ئەوەی چەندین بەڵێنیان پێدرا و لیژنەیەکیان ناردە دوکانەکانیان کە ئاماری زیانەکان وەردەگرن بۆ قەرەبووکردنەوەیان، بەڵام تەنها لە کرێی شەش مانگیان خۆشبوون کە ٣٠٠ هەزار دیناری خۆڵ و خاشاکە، ئەویش خاوەن دوکانەکان دەگرێتەوە نەوەک ئەوانەی کە دوکانەکانیان بەکرێ گرتووە. وتیشیان، "تا ئێستا قەرەبووی زیانی ئاگرەکەی رابردوو نەکراونەتەوە و هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج نەکراوە و پێشمان دەڵین خۆتان دوکانەکانتان سوتاندووە".

ئەوەشیان خستە روو، لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆیان هەستاون بە نۆژەنکردنەوەی دوکانەکانیان و هەوڵیش دەدەن لە رۆژی یەکشەممەوە بازاڕەکە بەرووی هاوڵاتیاندا بکەنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٧ـی شوبات ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٦٠ دوکان و زیانێکی زۆر بەر دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕەکە کەوت.













گەلەری