سەردێڕ:

سەرلەنوێ دادگایکردنى چەند دەستگیرکراوێکى بادینان دواخرا

AM:09:25:12/10/2021

3988 جار خوێندراوەتەوە

جارێکى تر دادگایکردنى هەریەک لە بەدەل بەروارى و ئومێد بەرۆشکى دوو دەستگیرکراوى بادینان لە دادگاى هەولێر دواخرا.


ئەمڕۆ سێشەممە، لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان رایگەیاند "بۆ جارێکى تر دادگایکردنى هەریەک لە مامۆستا بەدەل بەروارى و ئومێد بەرۆشکى لە دادگاى هەولێر، دواخرا".

وتیشى "دادگاییەکە بۆ ١٨ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢١، دواخراوە".

پێشتر بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "سبەینێ دادگاییکردنی هەریەکە لە مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی لە دادگای هەولێر بەڕێوەدەچێت."

ماوەی چەندین جارە بە بیانوی جیاجیاوە دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی بادینان بۆ کاتی دیکە دوادەخرێت و ئەمەش، ناڕەزایەتی کەسوکاری دەستگیرکراوان و چاودێرانی بواری مافەکانی مرۆڤی بەدواداهات.

١١ مانگ پێش ئێستا ئەو دوو چالاکوانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و دواتریش، لەلایەن دادگای دھۆکەوە بە تۆمەتی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و رێکخستنی خۆپیشاندان بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرکرا.

ماوەی زیاتر لە ١٤ مانگە، ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنووسی بادینان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمەوە بە چەند تۆمەتێک دەستگیرکراون، دواتریش دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ پێنج لەو دەستگیرکراوانە دەرکرد، سەرباری رەخنەکانیش لە بڕیارەکە، بەڵام دواجار دادگای پێداچوونەوە بڕیارەکەی پەسەند کرد.













گەلەری